گه‌ڕان

Shadow Shadow

حکومەتى هەرێم لەگەڵ 70 وەبەرهێنەر کۆبووەوە

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەى بێکاری چ داواکارییەکیان لە وەبەرهێنەران کردووە؟

2020.01.28 - 21:35
مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەى بێکاری چ داواکارییەکیان لە وەبەرهێنەران کردووە؟
ناس کورد- سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شاندێک لە ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانی هەرێم کۆبوونەوە بۆ بوژانەوە و باشکردنی باری ئابوری هەرێم و نزمکردنەوەی ژمارەی بێکاران. . ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی کانونی دووەمی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و تاوتوێی بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری هەرێمی کورستانیان کرد. . موخلیس سەلیم، بەڕێوبەری یاسایی  و کارگێڕی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە کۆبونەوەکەدا 70 کەس لە یەکێتی وەبەرهێنەران و بەڵێندەران بەشداریان کردبوو، سەرۆکی حکومەت و  جێگرەکەی دڵنیاییان دایە وەبەرھێنەران و بەڵێندەران کە حکومەتی هەرێم  پاڵپشت و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بۆیان و بەهەموو شێوەیەک هاوکاری وەبەرهێنەران و بەڵێندەران دەکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشی بڕواتە پێشەوە و ئەوانیش بەردەوامبن لە ڕۆڵی خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەریمی کوردستان". . وتیشی، "لە کۆبونەوەکەدا حکومەتی هەرێم داوای لە بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانیش کرد کە کار بکەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانیش بێنە هەرێم، هەروەها داوای ئەوەشیکرد کە  وەبەرهێنەران هاوکاری حکومەت بن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ دانەمەزراوان و و بێکاران بدۆزنەوە و ئاسانکاری بکەن". . موخلیس سەلیم ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆکی حکومەت داوای کردووە وەبەرهێنەران لەگەڵ زانکۆکان پەیوەندی بکەن بۆ ئەوەی خوێندکارەکانیان بەو شێوەیە پەروەردە بکەن و وانەکانیان بخوێنن کە پێویستە بۆ بازاڕی کار، بۆ ئەوەی هەل بدرێت بە زۆرترین گەنج کە کار بکەن". . بە وتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرهینەران سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەکەدا وتویەتی: "بڕیاریان داوە بەشێکی دیکە لەو قەرزانەی کە لەکاتی قەیرانی دارایی لە بەڵێندەرانیان وەرگرتووە بدەنەوە". . هاوکات بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێم لەبارەى کۆبوونەوەکە، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کە حکومەتی ھەرێم پاڵپشت و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا. . دەشڵێت، "سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین." . هاوکات "داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە لە دەرفەتەکانی کارکردندا زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت."