گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕاپۆرتێكی ئەمریكی: ڕۆحانی هەڕەشەى دەستلەکارکێشانەوەى کردووە ئەگەر پاسداران ئیعتراف نەکات

2020.01.27 - 23:55
ڕاپۆرتێكی ئەمریكی: ڕۆحانی هەڕەشەى دەستلەکارکێشانەوەى کردووە ئەگەر پاسداران ئیعتراف نەکات
ناس کورد- ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی ئاشكرایكرد، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران هەڕەشەی ئەوەی كردوە ئەگەر سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی دان بە خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیەكەدا نەنێت ئەوا دەستلەكاردەكێشێتەوە. . بەپێی ڕاپۆرتەكە، دوای خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیەكە لە ڕۆژی 8ی کانونی دووەمدا كە سەرجەم 176 سەرنشینەکەى گیانیان لەدەستدا، بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی دەیانزانی خۆیان خستویانەتە خوارەوە و لەو كاتەشدا حكومەتی ئەو وڵاتە ڕاگەیەنراوێکی ناڕاستی بڵاودەكردەوە و ڕەتیدەكردەوە بەرپرسیار بێت لەو ڕوداوە، بەڵام حەسەن ڕۆحانی هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە كارەساتەكە ڕانەگەیەنێت ئەوا دەستلەكار دەكێشێتەوە. . بەپێی ڕاپۆرتەكە، ڕوداوەكە دوای ماوەیەكی كەم لە موشەكبارانكردنی دوو بنكەی سەربازیی لە عێراق هات كە سەربازانی ئەمریكی تێدابوو و لە تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانیشدا بۆردومانكرا و ئێرانیش دەترسا ئەمریكا بەهەمان شێوە وەڵام بداتەوە، دوای چەند ڕۆژێك لە ڕەتكردنەوەی لەكۆتاییدا سوپای پاسداران دانینا بەوەدا كە یەكێك لە ئەندامانیان بەهەڵە موشەكێكی گرتوەتە فڕۆكە ئۆكرانیەكە. . نیویۆرك تایمز ئەوەشی باسكردوە کە "ئەفسەرێكی سوپای پاسداران هەوڵیداوە پەیوەندی بە سەركردایەتیەكەیەوە بكات بۆ ئەوەی فەرمانی خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیەكە وەربگرێت كە گومانی لێی هەبوە بەڵام نەیتوانیوە پەیوەندیەكە وەربگرێت، بۆیە موشەكێكی دژە فڕۆكەی ئاڕاستە كردوە و دواتر موشەكێكی تریشی ئاڕاستەى فڕۆكەكە كردووە." . "سەركردە گەورەكانی سوپای پاسداران دوای چەند خولەكێك لە ڕوداوەكە زانیویانە كە چی ڕویداوە بەڵام دەستیان كرد بە شاردنەوەی ڕاستیەكە و ڕەتیانكردەوە كە بە ڕۆحانی بڵێن لەكاتێكدا حكومەتەكەی ڕەتیدەكردەوە دەستی لە ڕوداوەكەدا هەبێت، دوای ئەوەی ڕاستی ڕوداوەكەیان بە ڕۆحانی وتوە، ناوبراو هۆشداری داوە لەوەی كە ڕاستیەكە بڵێن یان دەستلەكار دەكێشێتەوە." . "دوای 72 كاتژمێریش عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران دەستوەردانی كردوەو فەرمانی بە حكومەت كردوە بەرپرسیارێتی لەو هەڵە كوشندەیە ڕابگەیەنێت." . لە ڕۆژی 21ی کانونی دووەمی 2020،  دەسەڵاتدارانی ئێران داوای ئامێریان لە ئەمریكا و فەڕەنسا كرد تا دوو سندوقە ڕەشەكەی فڕۆكەكە بكەنەوە، ئەو داواكاریەش نیگەرانی جیهانی لێكەوتەوە چونكە ئێران ڕەتیدەكردەوە سندودقەكان ڕادەست بكات تا داتاكانی دەربهێنرێن. . لای خۆشیەوە جەستن ترۆدۆ، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا كە 57 هاوڵاتی ئەو وڵاتە لەناو فڕۆكەكەدا گیانیان لەدەستدا وتی، ئێران تاوانی ئەوەی نییە داتاكانی سندوقە ڕەشەكانی فڕۆكەكە دەربهێنێت و داواشی كرد ڕادەستی فەرەنسای بكەن، ئۆكرانیاش چەندین جار داوای لە ئێران كرد سندوقەكان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەی. . تائێستا كۆماری ئیسلامی ئێران سندوقەكانی ڕادەست نەكردوەو بەردەوامیش فشاری لەسەری زیاد دەكات بۆ ئەوەی ڕادەستی بكات، دەستەی فڕۆكەوانی ئێرانیش تەئكیدی كردوەتەوە ئامێری پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بیانكەنەوە و داوای لە "ئەنجومەنی نیشتمانی ئەمریكا بۆ ئاسایشی گواستنەوە" و "نوسینگەی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی فڕۆكەوانی مەدەنی فەڕەنسا" كردووە كە ئامێری پێویستی بدەنێ‌ بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.