گه‌ڕان

Shadow Shadow

دابینکردنی هەلی کار پرسی گەرمی یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنی ئابوری هەرێم بوو

2020.01.27 - 22:12
 دابینکردنی هەلی کار  پرسی گەرمی یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنی ئابوری هەرێم بوو
ناس کورد – ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئابوریی هەرێم یەکەم کۆبوونەوەى خۆی بە ئامادەیی سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەنجامدا بە ئامانجی "بەرەوپێشبردنی ئابوری هەرێم." . ئەمرۆ دووشەممە، 27ی کانونی دووەمی 2020، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەریمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەری سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، "مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوەزیرانی هەرێم جەختی له‌ گرنگی داڕشتنی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی زانستی كردووەتەوە بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابوری له‌ ڕێگه‌ی زیادكردنی داهات به‌ ئاراسته‌ی رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و ڕێگه‌گرتن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كان". . ماڵپەری حکومەت باسی لەوەشکردووو کە "ئامانجێكی له‌ پێشینه‌ی هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و هاندان و پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری پێویسته ‌بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ گشت كه‌رته‌كاندا، هاوکات گرنگیدان ‌به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رووبووم و به‌رهه‌می ناوخۆیی". . . دەربارەی ناوەرۆکی کۆبونەوەکەش هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستانە و لە کۆبونەوەکەدا بەشداریکردوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کۆبونەوەکە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بەڕێوەچوە و یەکیک لە تەوەرەکان نیشاندانی دید و بۆچونی پارێزگاکان و  وەزارەتەکان بووە، هەروەها باس لە دەرفەتەکانی بوژانەوەی ئابوری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی هەلی کار تاوتوێکران، تاوەکو ئارامی و ئاسایش زیاتر بکەین بۆ ئەوەی دەستی کاری بیانی بهێنینە وڵاتەکەمان و هەلی کاریان پێدابین بکەین و باری ئابوری هەریم باش بکەین". . هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد: "تەوەری دووەم بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی  پڕۆژەی هاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و پێشتریش ئێمە پشتیوانی ئەو پڕۆژەیەمان کردوە  و ئێستاش حکومەتی هەریمیش پاڵپشتی ئەوە پڕۆژەیە دەکات، تەوەرەی سێهەمیش بریتی بو لەو پێشنیاز و پڕۆژانەی کە ژورە بازرگانییەکانی هەریمی کوردستان پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان کردبوو". . پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەکرد: "ئێمە وەکو نوێنەری پارێزگای سلێمانی ڕاپۆرتی خۆمان لەسەر هەرسێ خاڵەکە ئامادەکردبو و بەسوپاسەوە خاڵ و تێبینییەکانی ڕاپۆرتەکەمان هەموی وەرگیرا و کاری پێویستیان لەسەر دەکرێت وە خزمەتگوزاری گشتی باشتر دەبێت". . هەروەها ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە ناس کوردی وت: "لە کۆبووەکەدا پڕۆژە یاسایەک باس کراوە کە ئەنجومەنی وەزیران دوای پێداچونەوە ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات لەپێناوی گەشەپێدان بە ئاستی ئابوری هەریمی کوردستان، هەروەها لە کۆبووەکەدا باس لەوە کراوە کە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و سێکتەرەکانی دیکەی ئابوری پێشبخرین بۆ ئەوەی ئەو کەرتانە فراوان بکرێن و لەڕیگایەوە هەلی کار بدۆزرێتەوە". . پارێزگای هەڵەبجە وتیشی: "لە کۆبووەکەدا بەتایبەت باسی هیچ پارێزگایەک نەکراوە و بەڵام لەسەر ئەوە ڕیککەوتین کە پارێزگای هەڵەبجەش وەکو هەر پارێزگایەکی دیکە هاوکاری بکرێت لەکاتی پێویستیدا". . ئەنجومەنی باڵای ئابوری کوردستان لە هەژدە ئەندام پێکهاتوە و ئەندامەکانی پێکهاتون لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێم و وەزیری پالاندانان و دارایی و کشتوکاڵ و سەرۆکی چەند دەستەیەکی تایبەتمەند پێکهاتوون و ئەمڕۆ یەکەمین کۆبونەوەیان ئەنجامدا.