گه‌ڕان

Shadow Shadow

حکومەتى عێراق چۆن دەیانهێنێتەوە؟

63 خوێندکاری عێراقی لەو شارەى چینن کە ئێستا گیرۆدەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

2020.01.27 - 19:45
63 خوێندکاری عێراقی لەو شارەى چینن کە ئێستا گیرۆدەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە دەیان هاوڵاتی عێراقی لە وڵاتی چین دەهێنێتەوە بۆ نیشتمان. . ئەمڕۆ دووشەممە، 27ى کانونی دووەمی 2020، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بە بەردەوامی لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ گواستنەوەی 63 خوێندکاری عێراقی کە لە زانکۆکانی شار ووهانی ئەو وڵاتە دەخوێنن و لە ئێستادا گیریان خواردووە". . وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەشکردەوە، باڵۆێزخانەی عێراق لە پەکین هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو خوێندکارانە کردووە، بڕیاریشە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەیەکی تایبەت سەر بەهێڵی ئاسمانی عێراقی لەگەڵ ستافێکی پزیشکی پسپۆرەوە بگاتە پایتەختی وڵاتی چین. . سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا  لە باڵیۆزخانەی عێراق لە چین ژوورێكی عەمەلیات بەسەرۆكایەتی باڵیۆز دەستبەکاربووە، هەماهەنگی تەواویشی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی چیندا هەیە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گواستەوەی ڕەوەندی عێراقی لە شاری ووهان ئەو خوێندكارانەی کە تێیدا نیشتەجێن بۆ ئەوەی بتوانن شارەكە بەجێبهڵن. . ژمارەی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لەزیادبووندایە، حکومەت ڕێوشوێنی توندی تەندروستیی گرتووەتەبەر و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لە ئاهەنگی سەری ساڵی چینی بێبەشدەبن. . بە گوێرەی دواین ئاماری دەزگا تەندرووستییەکانی چین، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتەدا سێ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەهۆیەوە 81 کەس گیانیان لەدەستداوە. . تائێستاش ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە بریتین‌ له‌ چین، ئه‌مه‌ریكا، ڤێتنام، تایلاند، ژاپۆن، كۆریای باشوور، سەنگافوره‌، فه‌ره‌نسا و نیپاڵ و کەنەدا و ماکاو و چەند وڵاتێکی تر.