گه‌ڕان

Shadow Shadow

سەرۆکی شارەوانی کەلار بە نایاسایی باخ و ڤێلا و مەلەوانگەى دروستکردووە

2020.01.26 - 09:45
 سەرۆکی شارەوانی کەلار بە نایاسایی باخ و ڤێلا و مەلەوانگەى دروستکردووە
ناس کورد- دوو پەرلەمانتار و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاویانکردەوە، سەرۆکی شارەوانی کەلار و چەند بەرپرسێکی دیکەی سنوری گەرمیان بە نایاسایی باخ و ڤێلا و مەلەوانگەیان دروستکردووە و بەوهۆیەوە سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەن و پێیان دەڕوخێنن. . لە ڕاگەیەندراوێکدا کە شیرین ئەمین و ڕزگار محەمەد، هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاویانکردووەتەوە تیایدا هاتووە: "ئێمە وەک نوێنەرانی گەرمیان بەدواداچونێکمان سەبارەت بە دروستکردنی چەند باخێك لە سەر زەوی کشتوکاڵی بە نایاسایی لەلایەن بەرپرسانی سنوری گەرمیان کە لەنێویاندا سەرۆکی شارەوانی کەلار و چەند بەرپرس و کەسایەتیەك کە دەیان دۆنمی زەوی کشتوکاڵی لە گوندی بەرلوت سەر بەقەزای کەلار بەشێوەی نھێنی لە جوتیار کڕیویانە و پاشان بە نایاسای باخ و شوێنی حەوانەوە و مەلەوانگەیان تێدا دروستکردووە." . ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لەگەڵ ئەوەی کاری ئەو بەرپرسانە نایاساییە، بەڵام ھاوڵاتی کە خۆی خاوەنی زەوی کشتوکاڵییە لە بەرلوت بەتەنیشت ھەمان ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەوە کە بەرپرسان بۆخۆیان کردویانە بە باخ، ئەو ھاوڵاتییە تەنھا چەند دەستێک دیواری کردووە و تەنکی ئاوی لەسەر داناوە، بەڵام شارەوانی دیواری ئەو ھاوڵاتییەیان ڕوخاندوە بە بیانوی نایاسای و نەبونی مۆڵەت." . ئەو سێ ئەندامەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا پرسیویانە، "لەسەر چ بنامەیەک بۆخۆیان بە ڕێکاری نایاسای باخ و مەلەوانگەیان دروست کردووە ئەمە چی ڕەوایەتی و  چ نایاساییەکە؟" . ئاماژەیان بەوەشکردووە: "بە پێی یاسا زەوی کشتوکاڵی بە مەرجێک مۆڵەتی باخی پێدەدرێت کە لە پێنج دۆنم کەمتر نەبێت و دیوار و خانوو و ڤێلای تێیدا دروست نەکرێت، بەڵام ڕوبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییە کە جەنابی سەرۆکی شارەوانی مەلەوانگە و شوێنی حەوانەوەی تێدا دروستکردووە دوو دۆنم و نیوە." . دەشڵێن، "ئێمە لە ئاست ئەم ناداییە بێ دەنگ نابین و دڵنیای دەدەین بە ھەمولایەک ھەموو ڕێکارێک دەگرینە بەر بۆ ڕوخاندنی ئەو باخ و خانوو و مەلەوانگانەی کە بە نایاسای دروست کراون، ھەرلەو ڕوانگەیەوە ئەمڕۆ داواکارییەک ئاراستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی گەرمیان دەکەین".