گه‌ڕان

Shadow Shadow

سەدام بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی نەداوە و زۆریش توڕە بووە

2020.01.25 - 17:16
 سەدام بڕیاری كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی نەداوە و زۆریش توڕە بووە
ناس کورد- جۆن نیكسۆن، شیكەرەوە و سیخوڕ و لێكۆڵەری پێشووی دەزگای هەواڵگری CIA ئەمریكا دەڵێت، كاتێك لێكۆڵینەوەم لەگەڵ سەدام حسێن دیكتاتۆری پێشووی عێراق دەكرد سەبارەت بە كوردەكان پرسیارم لێكرد و وەڵامەكەی توشی سەرسوڕمانی كردم كە وتی "من كوردم خۆشدەوێت". . جۆن نیكسۆن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "العربی" سەبارەت بەوەی سەدام حسێن رای چۆن بوو بەرامبەر بە كورد وتی: "لەبارەی كوردەوە پرسیارم لێكرد و وتم بۆچونت چۆنە لەسەر كورد، وەڵامەكەی توشی سەرسوڕمانی كردم و وتی "من كوردم خۆش دەوێت، نازانم چی بەلای كوردەكاندا ڕامدەكێشێت، لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت ئەوان لە دەشتەكاندا دەژین و كەسانی سادەن و وەك خەڵكی شارەكان نین و دەتوانرێت متمانەیان پێ بكرێت". . ئەو لێكۆڵەرە باسی لەوەشكرد: ئەو وەڵامە سەیر بوو لەلایەن كەسێكەوە كە کیمیایی كرد بەسەر كورددا لە هەشتاكاندا، سەدام حسێن لە قسەكانی بەردەوام بوو وتی "كورد سەركردایەتیەكی زۆر خراپیان هەیە، لە شەستەكانەوە لەبەر ئەوە شەڕیان لەگەڵدا دەكات چونكە لەژێر دەسەڵاتی سەركردایەتیەكی خراپدان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامڕازێكە بەدەست ئێرانیەكانەوە، عەشیرەتی بارزانی دەتوانرێت رێكەوتن لەگەڵیاندا بكرێت، بەڵام دوای شەڕی كەنداو گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی كوردەكان گەیشتون بە جۆرێك لە سەربەخۆییەكی كە ئەمریكیەكان سەپاندویانە". . سەبارەت بەوەی سەدام چۆن دەڵێت كوردەكانی خۆش دەوێت بەڵام لەلایەكی ترەوە چەندین كۆمەڵكوژی دژیان ئەنجام داوە وەك كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئەو لێكۆڵەرەی CIA وتی: تەنها یەكجار سەدام حسێن لەگەڵ مندا ئارامی لەدەستدا و زۆر توڕەبوو ئەویش كاتێك كە لەسەر هەڵەبجە قسەمان كرد، چەند جارێك ویستم بابەتەكە بهێنمە پێشەوە بەڵام نەیدەویست باسی بكات و هەمیشە بە وەڵامی وشك وەڵامی دەدامەوە، كاتێك لێم دەپرسی چی دەربارەی هەڵەبجە دەیوت "لە وەزیری بەرگری بپرسە"، كاتێك جارێكی تر لێم دەرپرسیەوە دەیوت "لە نزار خەزرەجی بپرسە" دواتر دەیوت ئەمە لێكۆڵینەوەیە من ڕێگە نادەم لێكۆڵینەوەم لەگەڵ بكرێت، دواتر پێم وت بڕیاری كۆتایی لە عیراقدا لای تۆ بوو بۆیە لەسەر هەڵەبجە قسەم بۆ بكە، بەڵام زۆر هەڵچوو هەروەك ئاژەڵێكی دڕندەو دواتر دانی جیڕكردەوەو وتی پرسیارەكەت بكە." . ڕاشیگەیاند، "منیش پرسیم تۆ فەرمانت كرد بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە وتی، "ئەگەر پێویستم بێت بڕیارێك بدەم بۆ پاراستنی وڵاتەكەم ئەوە ئەو بڕیارە دەدەم، من لە تۆ و لە سەرۆكەكەشت ناترسم و ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی وڵاتەكەم دەیكەم، بەڵام من ئەو بڕیارەم نەداوە"، سەرەتا باوەڕم پێنەكرد و كاتێك گەڕامەوە واشنتۆن بەچەند بەڵگەیەكدا چومەوە و بۆم دەركەوت سەدام حسێن بڕیاری نەداوە و بڕیارەكە مەیدانی بووە و "نزار خەزرەجی" ئەو بڕیارەی داوە." https://www.youtube.com/watch?v=ijXbY0HYjvA&fbclid=IwAR3MopZwx_L2FThiL6hQQSMA40jenlMITakVFrpEG80EV0p5MLskzIYepuA . دەشڵێت، "ئەو كاتە سەدام بڕیاری بۆ سەركردە سەربازییە مەیدانیەكان جێهێشتبوو، دواتر بۆم دەركەوت دوای ڕوداوەكە سەدام زانیویەتی و زۆر توڕە بووە، توڕەبونەكەی بەهۆی قوربانیەكانەوە نەبووە بەڵكو بەهۆی ئەوەوە بووە كە زانیویەتی لەناوچەكانی ژێر دەستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕویداوە واتە ناوچەكانی ژێر دەستی ئێران و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران ڕێگە دەدات كە جیهان بە ڕوداوەكە بزانن."