گه‌ڕان

Shadow Shadow

موسڵیش دەخرێتە سەر تورکیا!

سەلیم جبوری زانیارییەکانی ئاشکرایکرد: هەرێمی سونی لە ئەنبارەوە دەستپێدەکات

2020.01.24 - 09:29
سەلیم جبوری زانیارییەکانی ئاشکرایکرد: هەرێمی سونی لە ئەنبارەوە دەستپێدەکات
ناس کورد- سەرۆکى پێشووى  پەرلەمانی عێراق ئاشکراى دەکات، کۆبوونەوەکان بۆ ڕاگەیاندنى هەرێمێکى سوننى بەردەوامن و ئەوەش بژاردەیەکى دەستورییە، دەشڵێت، ئەوانەى عەبدولمەهدیان هێنایە سەر کورسى هەر ئەوانە شکستیان بە پڕۆسەى سیاسى و پەرلەمان هێناوە و سوننەکانیش بێ بەشکراون لە بڕیارى دەسەڵات بۆیە هەوڵى هەرێمى خۆیان دەدەن. . جبورى ڕەخنە لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانى ئێستاش دەگرێت کە ناتوانێت خواستە پێویستەکان بەرجەستە بکات. . لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، سەلیم جبورى، سەرۆکى  پێشووى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند: "بەهۆى پشکپشکێنە و بێبەشکردنیان لە بڕیارى حکومى و نەسازانى سیاسیى لەگەڵ هێزە شیعەکاندا، سوننەکان دەیانەوێت هەرێمێکى تایبەت بەخۆیان هەبێت". . سەرۆکى پەرلەمان ئەوەشى ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەکان بۆ ڕاگەیاندنى هەرێمێکى سوننى کە ئەنبار بکرێتە ناوەندەکەى بەردەوامە و ئەوانەشى پێشتر ئۆپۆزسیۆنى پڕۆسەى سیاسى بوون بە پاساوى نەبوونى ئارامى لە شارەکانیان ئێستا ئەوانیش هەرێمى سونیان دەوێت". . لەسەر بۆچونى تایبەتى خۆى لەسەر ئەو هەرێمە، جبورى دەڵێت: "هەرێمى سونى بژاردەیەکى دەستورییە و نورى مالیکى، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر شکستى بەهەرێمى سەڵاحەدین و دیالە هێنا گەرچى ڕەزامەندى و پشتیوانى یاسایى لەسەرى هەبوو، هەروەها ئەوانەش کە ناوى خۆیان نابوو ئۆپۆزسیۆن شکستیان پێهێنا". . جبورى هۆشداری دەدات لەوەى موسڵ بخرێتە سەر تورکیا بەهۆی ڕێککەوتنی لۆزانەوە، چونکە "هێزە سیاسیەکان زانیاری و ئاگادارییان لەسەر ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان نییە." . لەسەر بارودۆخى دیالەش کە خۆى خەڵکى ئەو شارەیە، سەرۆکى پێشووى پەرلەمان ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، پارێزگاکە میلیشیا چەکدارە دەرەکییەکان کۆنترۆڵیان کردووە و بەردەوام باج و سەرانە لە بازرگانەکان وەردەگرن و دیالە وێرانکراوە بەهۆى پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى هەڵەوە. . بەلاى جبورییەوە، بەهۆى هەژمونى حزبە فەرمانڕەواکان لەپێناو پلە و پۆستدا پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا شکستى هێناوە و بەئامانجگرتنى خۆپیشاندانەکانیش هەر لەدواى مانگى تشرینى یەکەمەوە پێشیلکردنى ئاشکراى یاسا و دەستورە و هەموو ئەو ڕوداوانە لە بەرانبەر خۆپیشاندەراندا دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى دەستلەکارکێشاوە. . سەرۆکى پێشووى پەڕلەمان ڕەخنەى لە سەرۆکى ئێستاى پەڕلەمان گرت و وتیشى، کارەکانى لەجێى خواستەکاندا نیە و ئەو حزبانەشى عەبدولمەهدیان خستە سەر کورسى هەر ئەوانەش شکستیان بە پەرلەمان و عەبدولمەهدیش  هێناوە.