گه‌ڕان

Shadow Shadow

لەسەر گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان حکومەتی هەرێم بەدرۆ دەخرێتەوە

2020.01.23 - 20:38
لەسەر گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان حکومەتی هەرێم  بەدرۆ دەخرێتەوە
ناس کورد- دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی چه‌ند گه‌نجێك له‌قوربانیانی به‌له‌مه‌ نوقومبووه‌كه‌ی وڵاتی یۆنان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و حکومەتی هەرێمی "بەدرۆخستەوە". ، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند: " پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەدوای ئەوەی دەزگاکەمان هەواڵی گێڕانەوەی تەرمەکانی ڕووداوە نەخوازراوەکەی یۆنانی بڵاوکردەوە، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەناوی حکوومەتەوە بڵاو کردۆتەوە، بەڵام ئێمە وەک دەزگای لوتکە سەرلەبەری ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕەتدەکەینەوە". ، ئاماژەی بەوەشکردووە: " لە یەکەم ساتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەوە دەزگای لوتکە و نوێنەرە خۆبەخشەکانی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکەدا کردووە و دەستبەجێ دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و گشت کاروبارە یاساییەکانمان بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی عیراق لە وڵاتی یۆنان جێبەجێ کردووە و تائێستاش بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا پرۆفایلی دی ئێن ئەی لەلایەن دەزگاکەمانەوە لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە و بە وردی لەلایەن دەزگای لوتکەوە کاری لەسەر دەکرێت". ، دەزگای لوتکە باسی لەوەشکردووە: "لەلایەن دەزگاکەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و ئەرکی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان و تێچووی گێڕانەوەی تەرمەکان و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکان لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ". ، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەزگای لوتکە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "سەرەڕای ئەوانە حکوومەتی هەرێم جگە لەوەی هاوکار نەبووە لەو کەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەو بابەتەوە نییە و جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کارەساتە لە دەریای ئیجە ڕوویداوە، لە کاتێکدا کە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەو ڕووداوە ڕوویداوە، کە دەکەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا". ، باسی لەوەشکردووە: "هەروەها  ناوی چوار لە پەنابەرەکانی بە هەڵە بڵاو کردووەتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەکانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتووە کە تیایدا لەسەر سندووقی تەرمەکان ناوەکان بە شێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتکە بڵاوی کردبووەوە". ، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆیە ئێمە وەک دەزگای لوتکە بە مافی خۆمانی دەزانین کە ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەینەوە تاکو ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەڕوات و حکوومەتیش هەموو دەستکەوتەکان نەکاتە موڵکی خۆی، گشت بەڵگەکان لای دەزگای لوتکە پارێزراون و پێشتریش بەشێک لەوانە لەلایەن دەزگاکەمانەوە بڵاو کراونەتەوە". ، ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە خوازیار بووین حکوومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی هەڵبستایا و ئەو کاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەکردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەواوی ئەو کارانە جێبەجێ بکەین، هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان کەیسی تریان ڕادەست بکەین تاکو ئەوان بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچوون بکەن بۆ کەیسی بێسەروشوێن بوونی سەدانی دیکە". ، ئەمە لەکاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنەدراوێکدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە: " ئێوارەی رۆژی هه‌ینی ٢٠٢٠/١/٢٤ کاتژمێر ٨:٤٥ ، تەرمی پێنج لە قوربانیانی بەلەمی نوقومبووی دەریای ئیجە بە ناوەکانی (رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی”. ، ئاماژەی بەوەشکردبوو: " هێنانەوەی تەرمی قوربانیان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی له‌گەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد، هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان بکەن”.