گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕۆژئاواى کوردستان بە چوار هەنگاو ڕوبەڕووى قەیرانى دارایی دەبێتەوە

2020.01.20 - 22:30
ڕۆژئاواى کوردستان بە چوار هەنگاو ڕوبەڕووى قەیرانى دارایی دەبێتەوە
ناس کورد- ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا (ڕۆژئاواى کوردستان) چوار بڕیارى دەرکرد، بۆ ڕوبەڕووبونەوەى ئەو قەیرانە داراییەى کە ڕووى لە سوریا کردووە. . ئەمڕۆ دووشەممە 20ى كانونی دووه‌مى 2020، ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى لە شارى عامودا ئەنجامدا، بە ئامادەبوونى ژمارەیەک شارەزاى ئابورى و سەرۆکى دەستەکانى ئابورى و دارایی و ئیدارەکە. . دواى کۆبوونەوەکە، عەبد مهباش هاوسەرۆکى ئەنجومەنى جێبەجێکردنى ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئیدارەکەیان بەرپرس نییە لەو قەیرانە، لەبەرئەوەى کۆنتڕۆڵى سیاسەتى دارایی سوریا بەگشتى ناکات، بەڵام لەبەرئەوەى بەشێکن لە سوریا، کاریگەریى لەسەریان دەبێت. . وتیشى "ئیدارەکە بڕیاریداوە ژمارەیەک ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕوبەڕووبونەوەى قەیرانەکە و پارێزگارى لە هاوڵاتییان، لەوانە بەردەوامى پشتیوانیکردن لەنرخى نان و سوتەمەنى وەکو پێشوو، پشیوانیکردنى حەوت بەرهەمى دیکەى پێویست بۆ ژیانى ڕۆژانەى هاوڵاتییان، وەکو شەکر و برنج و چا و زەیت و شیرى منداڵ و چیمەنتۆ و شیش". . عەبد مهباش باسى لەوەشکرد، دەرگاى هاوردەکردنى ئەو کاڵایانە دەکەنەوە بۆ دروستکردنى کێبڕکێ لەنێوان بازرگاناندا بەمەبەستى کەمکردنەوەى نرخ. . ئەوەشى خستەڕوو، بڕیارەکانى دیکەیان بریتین لە، کاراکردنى سیستەمى چاودێریى بەشە خۆراک بەشێوەى کرداریی، پێکهێنانى لیژنەیەکى بچوککراوە لە ئابوریناسان بۆ چاودێریکردى قەیرانى دارایی و تاوتوێکردنى باشترین ڕێگەچارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى.