گه‌ڕان

Shadow Shadow

لەفەیسبوكەوە داوای هاوسەرگیری لەكەسانی بێگانە دەكەن

شەڕی سوریا پیاوی لەشارێك نه‌هێشتووه‌

2020.01.20 - 15:46
شەڕی سوریا پیاوی لەشارێك نه‌هێشتووه‌
ناس كورد- بەگوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامەیەكی ئەمریكی، شەڕی چەندین ساڵەی سوریا تەنها شار  و ئاوەدانی ئەو وڵاتەی وێران نەكردوه‌ بەڵكو شارستانیه‌ت و بەشێك لەداب و نەریتەكانیشی گۆڕی و بەهۆی كوژرانی پیاوان و هەڵهاتنیانەوە ژمارەیان كەمبوەتەوە ئەوەش ژنانی ناچار بە بەخێوكردنی خێزانەكانیان كردووە و كچانی خستووەتە دۆخی گۆشەگیرییەوە لەژیانی هاوسەرگیری. . رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز لەڕاپۆرتێكیدا كە لەسەر بارودۆخی كۆمەڵایەتی دوای هەشت ساڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا بڵاوی كردوەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەو شەڕ و ماڵوێرانیە نەوەیەكی لەقڕكردن نزیك كردوەتەوە. . باسی لەوەش كردوە دوای ئەوەی سوپای سوریا چەند ناوچەیەكی كۆنترۆڵكردوەتەوە لەئێستادا ئەركی بەرەوپێشبردنی ئەو ناوچانە كەوتوەتە ئەستۆی ژنان. . بەگوێره‌ی ڕۆژنامەكە بۆ یەكەمجارە كۆمەڵگەی سوری بەتایبەت لەهەندێ ناوچەی ڕوبەڕوی گۆڕانكاری لەداب ونەریتەكاندا دەبێتەوە، ژمارەیەك لەژنان بۆ یەكەمجاریانە كار دەكەن دوای مردنی پیاوەكانیان كە ناچارن خێزانەكانیان بژێنن و ژمارەیەكی تر كچان بەئاستەم دەتوانن پیاوێك وەكو هاوسەری ژیان پەیدا بكەن. . فاتیمە ڕاوسی تەمەن 32 ساڵان بەڕۆژنامەكەی وتوە، ئێستا ئارایشتگایەكی جوانكاری بۆ ژنانی ڕێكپۆش لەخۆرهەڵاتی شاری حەڵەب كردووەتەوه‌ كە پێشتر هیچ كارێكی نەكردوە. . پیاوەكەی فاتیمە ماوەیەك لەلای گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان زیندانی كراوە و دوای ئازادكردنیشی بەهۆی موشەكێكەوە لەنزیك ماڵەكەی گیانیلەدەستداوه‌ و ئێستا ناچارە خۆیی و خێزانەكەی بژێنێت. . فاتیمە وتویەتی "پێشتر ژنان لەزۆر شت دەترسان، بەڵام ئێستا هیچ شتێك نەماوە لێی بترسن". . بەوتەی ژنێكی  دانیشتوی شاری لازقیەش كە به‌ ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، شارەكەیان بەتەواوی ڕێژەی پیاوانی تێدا كەم بووەتەوە، بەپێوەرەكانی دوای جەنگ هاوسەرگیری لەگەڵ سەربازێكدا كردووە، لەكاتێكدا لەپێش جەنگەوە مارەیی و دیاری هەبووە. . كاتێك شەڕی سوریا دەستپێدەكات لازقیەش كە زۆرینەیان سەر بەعەلەوییەكانی سوریان كە هەمان مەزهەبی بەشار ئەسەدە هەزاران پیاویان دەنێرێتە بەرەكانی شەڕ. . بەپێی وتەكانی ژنێكی بەتەمەن كە بەڕۆژنامەكەی وتووه‌، له‌ لازقیەش ژمارەیەكی كەم لەپیاوان لەناوچەكەدا ماونەتەوە و لەئێستاشدا ئەوە بووەتە هۆی كێشە و ئەمەش وای كردووە ئافرەتەكان چاوەڕوانن كەسێك بچێتە خوازبێنییان بەڵام ئەوەش بووە بەئەستەم. . ئەو ژنە ئامۆژگاری كچانیش دەكات، پەڵپ نەگرن و سازش لەكۆمەڵێك داواكارییان بكەن لەئەگەری ڕەخسانی دەرفەتێك بۆ هاوسەرگیری هاتە بەردەمیان. . ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بێ ئومێدی زۆری كچان وایكردووە لەفەیسبوكەكەیانەوە داوای هاوسەرگیری لەكەسانی بێگانە بۆ هاوسەرگیری بكەن ئەمەش پێش جەنگ كارێكی بەربڵاو نەبوو. . لای خۆشیەوە، ئەفریا داغهەر ژنێكی تەمەن 36 ساڵانی خەڵكی شارەكە بەڕۆژنامەكەی وتوە، چەند هاوڕێیەكی ئافرەتی هەیە لەو دۆخەدا دەژین و هاوسەرییان نیە، لەسوریادا پیاوی سوننی نەماوە زۆربەیان كوژراون یاخود سەربازن. . سامیە هانۆفیش ژنێكی ترە كە تەمەنی 39 ساڵانە وتویەتی، بەگولەی قەناس هاوسەرەكەی كوژراوە كە نۆزدە ساڵ پێكەوەبوون و ئێستا بێوەژن كەوتووە و خۆی سێ منداڵەكەیان بەخێو دەكات و ناچار سەرقاڵی كاركردنە لە كارگەی شیرەمەنی. . لەكۆتایی قسەكانیدا ئەو ژنە بەڵێنی ئەوەشیداوە خۆی بەتەنها منداڵەكانی پێبگەیەنێ تا خوێندنیان پێتەواو دەكات بۆ ئەوەی چارەنوسیان وەكو خۆی لێنەیەت. .