گه‌ڕان

Shadow Shadow

چۆن ژیان و چۆن گیانیان لەدەستدا؟

چیرۆکی ئەو پیاوەی نەیتوانی دوای مردنی هاوسەرەکەی کاتژمێرێک بژی

2020.01.19 - 19:22
چیرۆکی ئەو پیاوەی نەیتوانی دوای مردنی هاوسەرەکەی کاتژمێرێک بژی
ناس کورد–   بەرەبەیانێکى زوو کە هێشتا تاریکى بەتەواوى نەڕەویبوەوە، حیکمەتی تەمەن 51 ساڵ پەیوەندی بە براکەیەوە دەکات و هەواڵى خراپى دۆخى تەندروستى هاوسەرەکەى پێدەگەیەنێت، بێ ئاگا لەوەى مەرگ چاوەڕوانى خۆیى و هاوسەرەکەى دەکات و لەیەک ڕۆژدا کۆچى دوایی دەکەن. . حیکمەت مەحمود، دانیشتوى گوندی زارگەڵی باڵەکیانی سەر بە قەزای سۆرانە، ماڵى براکەشى چەند خولەکێک لەماڵەکەیەوە دورە، بەهۆى ئەوەى ئۆتۆمبیلى نەبووە داواى لە براکەى کردووە فریاى بکەوێت چونکە سەروینی خێزانی لە قسە و جوڵەکردن کەوتبوو. . شەفیق مەحمود، برای حیکمەت بۆ ناس کوردى گێڕایەوە، کە چووەتە بەر دەرگاکەیان، بینویەتى براکەیى و کوڕەکەی خەریک بوون سەروینیان دەبردە دەرەوە. . شەفیق هەر ئەوکات هەستیکردووە کە سەروین گیانى دەرچووە، چونکە لاشەی سارد ببوو بەهیچ شێوەیەک نەدەجوڵا "دڵنیابوم کە گیانی دەرچووە، بەڵام دڵم نەهات بە کاکەم بڵێم". . خێرا هەرسێکیان، سەروین دەبەنە نەخۆشخانە لەکاتێکدا هێشتا ئاسمان بەتەواوى ڕوناک نەبووەتەوە، پزیشکەکان داواى چەند پشکنینێک هەواڵە جەرگبڕەکەیان پێدان "وتیان بۆ خۆتان خۆش بن و خوا لێی خۆشبێت بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستداوە". . شەفیق وتى "براکەم زۆر بێتاقەت و غەمبار بوو ئەگریا، بەڵام دۆخی تەندروستی باش بوو". . شەفیق و براکەى، تەرمى سەروین دەبەنە ژوری مردوو شۆرین لە مزگەوتى گوندەکەیان، تا هەواڵی کەسوکاریان بدەن و مەراسیمى بەخاکسپاردنى ڕێک بخەن. . "کوڕەکەی حیکمەتی برام، چوەوە ناو ژوری مردو شۆردنەکە و ئەگریا بەسەر تەرمەکەی دایکیدا، دوای ئەویش براکەم چوەوە ژورەوە و ئەگریا لەپڕ وتی "فریام کەون"، کە وایوت ئیتر کەوتە سەر زەوییەکە و خوێن لەدەمی هاتە دەرەوە و جەڵتە لێیدا و گیانی لەدەستدا"، شەفیق وایوت. . نێوانى مردنى حیکمەت و خێزانەکەى کەمتر بوو لە یەک کاتژمێر. بەوتەى شەفیق پێشتر هیچ کامیان نەخۆشی کوشندەیان نەبووە، ئەگەر نەخۆشیەکیشیان هەبوبێت شتێکی ئاسایی بووە، هەروەها ژیانیان زۆر خۆش بووە پێکەوە. . وتیشى"ئەوان پێشتر بە رێكه‌وت هاوسەرگیریان کردوە، بەڵام یەکتریان زۆر خۆشویستوە تەنانەت جارێکیان خێزانەکەی حیکمەتی برام نەخۆش بوو، بە حیکمەتیان وتبوو "بۆ ژنێکی دیکە ناهێنێت یارمەتی خۆت و ئەم خێزانەشت بدات"، بەڵام حیکمەتی برام یەکسەر ڕەتی کردبوەوە، ئەوەندە خێزانەکەی خۆی خۆشده‌ویست". . حیکمەت و سەروین لە ساڵی 1993 ژیانی هاوبه‌شیان پێکهێنابوو خاوەنی دوو كچ‌ و كوڕێك بوون ‌و كچە بچوکەكەیان تەمەنى نۆ ساڵە. .