گه‌ڕان

Shadow Shadow

شەڕێکى لەسەرخۆتر بۆ سوننەکانى عێراق

کشانەوەى ئەمریکا جارێکى تر سوننەکان ڕوبەڕووى کۆمەڵکوژیی دەکاتەوە

2020.01.19 - 17:55
کشانەوەى ئەمریکا جارێکى تر سوننەکان  ڕوبەڕووى کۆمەڵکوژیی  دەکاتەوە
ناس کورد-   سوننەکانى عێراق مانەوەى هێزەکانى ئەمریکایان پێباشترە و لەنێوان دوو شەڕدا بەشەڕێکى لەسەرخۆترى دەزانن، چەند هاووڵاتیەکى گەڕەکێکى سوننەنشینى بەغداش دەڵێن "ئەگەر هێزەکانى ئەمریکا بکشێنەوە، وەکو ساڵانى ڕابردوو میلیشیا چەکدارە شیعەکان "دەیانکوژن". . ڕۆژنامەى سەندەى تەلەگراف، لەڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، سوننەکانى عێراق وا سەیرى بوونى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراقدا دەکەن کە لەنێوان دوو شەڕدا ئەو شەڕەیان لەسەرخۆترە. . به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، بایەخى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق بە پێنج هەزار سەربازەوە بۆ یارمەتى شەڕەکانى دژى داعشە، بەڵام ئێران فشارى لەسەر بەرپرسانى عێراق دروستکردووە بۆ ئەوەى لە تۆڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانیدا ئەمریکییەکان لەو وڵاتە دەربکەن. . بەپێى ڕاپۆرتەکەى سەندەى تەلەگراف، بەرپرسانى عێراق لەتاوتوێکردن و قسەکردنیان لەسەر ئەو پرسە لەوە دەترسن کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق هەژموونى ئێران لەکاروبارى ناوخۆیى وڵاتەکەیاندا زیاتر بكات، لەلایەن سوننەکانەوە بەڕاشکاوى باس لەو ترسە کراوە، لەکاتێکدا ئێستاش وایدەبینن حکومەت وەکو هاووڵاتى "پلە نزم" سەیریان دەکات. .   ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ڕاستییە لە گەڕەکى ئەعزەمیەى بەغدا زیاتر ڕونبووەتەوە، کە یەکێکە لەگەڕەکە ئاوەدان و ئەریستۆکراتنشینەکان، بەهەمان شێوە ئەو گەڕەکە شوێنى ناکۆکییە مەزهەبیەکانە، کە میلیشیاى چەکدارى سوننى بەپاڵپشتى قاعیدەى تێدایە بۆ شەڕکردن لەدژى میلیشیا چەکدارە شیعەکانى سەر بە ئێران. . به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، ساڵى 2007 میلیشیا شیعەکان گەڕەکى ئەعزەمییەیان کۆنترۆڵکرد و بازگەڕێژییان کرد دواتریش هێزەکانى ئەمریکا دیوارى ئاشتییان تێدا دامەزراند بۆ جیاکردنەوەى ئەعزەمییە لەکۆڵانە شیعیەکانى ئەو گەڕەکە، لە ئێستاشدا دیوارەکە لابراوە بەڵام بیره‌وەرییە ناخۆش و ڕوداوە تاڵەکانى ئەو ماوەیە لەئەندێشەى خەڵکەکەیدا ماوەتەوە. . هیچ کەسێک لە ئەعزەمییە نییە چیرۆکێکى نەبێت کە لەنزیکەوە بیگێڕێتەوە یاخود هاوڕێییەکى نەبێت کە بەدەستى میلیشیا شیعەکان نەکوژرابێت کە لەلایەن قاسم سولەیمانیەوە سەرپەرشتى دەکران. . یەکێک لە دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بە ناوى عیاد سولەیمان دەڵێت "قاسم سولەیمانى عێراقى بەرەو وێران بوون و شوێنگەى تاوانەکانى ئێران وەرچەرخاندووه‌". . بەوتەى عەیاد، سەدام حسێن بەرژەوەندییەکانى عێراقى پاراستووە و عێراقى کردووەتە جێگەى ڕێزى دراوسێکانى، بەڵام دواى نەمانى هەمویان بوونەتە دوژمنیان، بۆیە پێویستە ئەمریکییەکان بمێننەوە لەبەرئەوەى حکومەتى عێراق لەپشتى ئێرانەوە لەدژى ئەوان وەستاوە. . به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتەکە، ئەوانەى بەکوشتنى قاسم سولەیمانى دڵخۆشن تەنها بەعسییەکان نین، خۆپیشاندەرانى مەیدانى تەحریریش دڵخۆشى خۆیان بۆ ڕوداوەکە دەردەبڕن. . سەندەى تایمز لەسەر تێوەگلانى سولەیمانى بەتاوانەکانى عێراق نوسیوویەتى، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سولەیمانیان بەوە تۆمەتبار کردووە بڕیارى کوشتنى خۆپیشاندەرانى دەکردووە و بەو هۆیەشەوە لەکاتى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە زیاتر لە 450 کەس کوژراوون. . سالم سادیق کە سەربازى خانەنشینە دەڵێت "هەمووان بەکوشتنى سولەیمانى دڵخۆشن، گەرچى باشتر بوو عێراقییەکان بەدەستى خۆیان بیانکوشتایە، بۆیە دەبێت هێزەکانى ئەمریکا بۆ پاراستنمان لەو میلیشیا چەکدارانە بمێننەوە، گەر بێت و ئەوان بچنە دەرەوە ئەوا هەموومان دەکوژن".   .