گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەو دوو بیانووە چین کە عەبدولمەهدی بەکاریدەهێنێت بۆ مانەوەى؟

ئیندیپێندنتی عەرەبی: کورد بە فەرمی بە عەبدولمەهدییان وتووە لەگەڵ مانەوەیدان

2020.01.19 - 13:30
ئیندیپێندنتی عەرەبی: کورد بە فەرمی بە عەبدولمەهدییان وتووە لەگەڵ مانەوەیدان
ناس كورد- ڕۆژنامەى ئیندیپێندنتی عەرەبی ڕایگەیاند، کورد و سونە و فەتح دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەى بەردەوام بێت، عەبدولمەهدیش دەیەوێت پرسی کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ڕێککەوتنی ئەو وڵاتە لەگەڵ چین بکاتە بەهانەیەکە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکەیدا. . لە ڕاپۆرتێکیدا لەبارەى دۆخی عێراق، ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، ناكۆكییە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بەردەوامن، خۆپیشاندەرانیش ڕایانگەیاندووە ئەگەر لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرۆكوەزیران دیاری نەكرێت فشارەكانیان زیاتر دەكەن، چەند سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە ئێرانیش باس لە دووبارە دیاریكردنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن بە سەرۆكوەزیرانی عێراق. . ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "دۆخی ئێستا بەجۆرێكە كە لایەنە سیاسییەكان ناتوانن هیچ بەربژێرێک دیاری بكەن و هەر بەربژێرێکیش لە هاوپەیمانی بیناوە بێت شەقام پێی ڕازی نابێت، لە بەرامبەردا هەر بەربژێرێک لە لایەن سەدر یان شەقامەوە بێت، هاوپەیمانی بینا پێی ڕازی نابێت، بۆیە ئەم ئاستەنگە سیاسییانە بووەتە دەروازەیەك بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی". . هاوکات ڕۆژنامەکە باسی لە هەڵوێستی کورد کردووە لەوبارەیەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، بە لای كوردەوە عەبدولمەدی باشترین سەرۆكوەزیرانە، بەوپێیەی ئەوەی لەگەڵ ئەو بەدەستیانهێناوە، پێشتر نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن و ئەوەی ئاشکراکردووە کە "لایەنە كوردییەكان بە فەرمی بە عادل عەبدولمەهدییان ڕاگەیاندووە لەگەڵ مانەوەی ئەودان لە پۆستەكەی". سەبارەت بە سونەکانیش، باس لەوەکراوە کە هێزە سونەکان بە لایەنەکانی تریان ڕاگەیاندووە کە "گەرەنتییان دەوێت بۆ پشكی خۆیان لە حكومەتی داهاتوو" لە ئەگەری مانەوەى عەبدولمەهدی. . ڕۆژنامەى ئیندیپێندنت ئاماژەى بەوەشکردووە کە "عەبدولمەهدی دوایین خاڵى گرێدانى هاوپەیمانەکانى تارانە بە دەسەڵاتەوە" و لە ئەگەری دەرچوونی لە دەسەڵات، ژمارەیەک مەلەفى پەیوەندیدار بە گەندەڵی و تیرۆر دەکرێتەوە، بۆیە دەیەوێت لە پۆستەکەی بەردەوام بێت. . ئەوەشى خستووەتەڕوو کە "دیارترین بەهانە کە هاوپەیمانەکانى ئێران دەیگرنەبەر، تۆمەتبارکردنى ئەمریکایە بەوەى دەستى هەیە لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە بۆ شکستپێهێنانى ڕێککەوتنە ئابورییەکەى لەگەڵ چین و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق". . ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "بابەتى هەڵبژاردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتوو پەیوەستە بە ڕێککەوتنى  موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و  هادی عامری، سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح". . بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە: " داواکراوە سەرۆککۆمار هەر گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە قبوڵ بکات، بەو پێیەى بەردەوامبوونى ڕەتکردنەوەى بەربژێرەکان قبوڵکراو نابێت و دەبێتەهۆى دروستبوونى کێشەى سیاسی قوڵ". . ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردووشدا، لە سەردانێکدا بۆ هەولێر و سلێمانی، عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی کۆبووەوە و پاش ئەوەش بەگوێرەی هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان، سەردانەکەی عەبدولمەهدی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد بوو بۆ مانەوەی لە پۆستەکەیدا.