گه‌ڕان

Shadow Shadow

حکومەتی هۆڵەندا قەرزی گەنجان دەداتەوە بۆئەوەى ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن

2020.01.19 - 11:16
حکومەتی هۆڵەندا قەرزی گەنجان دەداتەوە  بۆئەوەى ژیانێکی نوێ  دەستپێبکەن
ناس کورد- بە مەبەستی یارمەتیدانییان بۆ ئەوەی سەرەتایەکی نوێ لە ژیانیاندا دەست پێبکەن، حکومەتی هۆڵەندا بڕیاری دا قەرزی کەڵەکەبووی گەنجانی وڵاتەکەی بگرێتە ئەستۆی خۆی. . شارەوانی ئەمستەردامی پایتەخت قەرزەکان دەکڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا دەستیکردووە بە دانوستان لەگەڵ  قەرزپێدەرەکان بۆ ئەوەی لەڕێگەی بانکەوە قەرزەکانیان لێبکڕێت، ئەوەش زیاتر هاوکاری گەنجان دەکات بەردەوام بن لە خوێندن وهیچ ئاڵنگارییەک لە بەردەم پڕۆسەی بە دەستهێنانی بڕوانامەکانیان نەبێت. . زیاتر لەوەش، لەگەڵ دانەوەی قەرزەکانیان و بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، شارەوانی ئەمستەردام پلانی هەیە ڕاهێنان بەو گەنجانەش بکات تاوەکو بچنە بازاڕی کار و بکەونە سەرپێی خۆیان، تاوەکو دواتر بتوانن بە شێوەى قیست قەرزەکانیان بدەنەوە بە حکومەت. . هاوکات شارەوانی ئەمستردام بڕیاری داوە قەرزی دیکە ببەخشێت بە گەنجەکان بۆ ئەوەی سەرەتاییەکی نوێ لە ژیانیاندا دەست پێبکەن، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ئامادەبن بەشداریی لە پلان و خولەکانی ڕاهێنانی حکومەتدا بکەن. . حکومەت بۆئەوەی هانی خاوەن قەرزەکان بکات تاوەکو ڕازی بن بە وەرگرتنەوەى قەرزەکە لە حکومەت، بڕی 750 یۆرۆیان وەک هاندان دەخاتە سەر پارەکانیان. . مارجۆلین مۆرمان، جێگری سەرۆکی شارەوانی ئەمستەردام لەوباریەوە بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتووە کە "بەهۆی بارگرانی قەرزەکان لەسەر شانیان، زۆربەی گەنجەکان لە قۆناغەکانی ژیانیاندا دواکەوتوون، ئەوەش دووچاری باری دەرونی سەختی کردوونەتەوە، ئەم ڕێکارەی کەئێستا گرتوومانەتەبەر یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی بەرەوە ئاسۆیەکی نوێی بڕۆن". . جێگری سەرۆکی شارەوانی ئەمستەردام ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پڕۆژەکە لە مانگی شوباتی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە". . بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هۆڵەندا، 34%ی دانیشتوانی شاری ئەمستەردام کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 34 ساڵە بە دەست قەرزداریەوە دەناڵێنن. . ئامارەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە کە "نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار خوێندکار لە هۆلەندا بەدەست قەرزی تێچووی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆوە دەناڵیین."