گه‌ڕان

Shadow Shadow

دەستبەسەر موڵکەکانیاندا دەگیرێت

ناس کورد ناو و بڕی قەرزی ئەو کۆمپانیایانە بڵاودەکاتەوە کە قەرزاری حکومەتن

2020.01.17 - 15:17
ناس کورد ناو و بڕی قەرزی ئەو کۆمپانیایانە بڵاودەکاتەوە کە قەرزاری حکومەتن
ناس کورد- شەهرام عەزیز ، پڕۆژەیاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، قەرزی ئەو کۆمپانیایانەی هێنایەوە بەرباس کە قەرزاری حکومەتن و بەگوێرەی یاساکە لێیانوەردەگیرێتەوە، هاوکات ناس کورد لەڕێگەی بەڵگەنامەیەکەوە کۆمپانیا قەرزارەکان و بڕی قەرزەکانیان ئاشکرادەکات کە کۆمپانیای "نالیا" زۆرترین قەرزی حکومەتی لایە. ، بەگوێرەی نوسراوێک، پێشتر وەزارەتی دارایی، حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە لەو قەرزانە و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا قەرزەکان نەدەنەوە، ئەوا دەست دەگیرێت بەسەر ئەو موڵکانەی کە لە بەرامبەر قەرزەکەدا بە "ڕەهن" دانراون. ، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی ناس کورد دەستیکەوتووە و ناوی هەشت کۆمپانیای تێدایە کە لە نوسراوێکدا، وەزارەتی دارایی ناردوویەتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئاگاداریکردوونەتەوە کە ئەو کۆمپانیایانە بە بیانووی جیاجیا ئامادەنین ئەو قەرزانە بگێڕنەوە و داوایکردووە: "لێیانوەربگیرێتەوە، چونکە حکومەت پێویستی پێیەتی". ، وەزارەتی دارایی خشتەیەکی هاوپێچی نوسراوەکە کردووە، کە ناوی ئەو کۆمپانیایانە و بڕی قەرزەکانیشی تێدایە، کە بەگوێرەی نوسراوەکە، کۆمپانیای "نالیا" بڕی 44 ملیار دیناری حکومەت قەرزارە. ، هاوکات، کۆمپانیای "بەڕێز" یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیایانەی کە قەرزێکی زۆری حکومەتی لایە، کە لە بەشێکدا، بڕی 20 ملیاری دینار و لە بەشێکی دیکەشدا بڕی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەرگرتووە و تائێستا نەیداوەتەوە. ، هەر بەگوێرەی نوسراوەکە، کۆمپانیای "ئاسۆ محەمەد بامۆکی" بڕی 30 ملیار دینار قەرزارە و چەند کۆمپانیایەکی دیکەش کە سەرجەمیان ناو و بڕی قەرزەکانیان ئاماژەیان پێکراوە.   ،   بەگوێرەی یاسای چاکسازی، کە دوێنێ پێنجشەممە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، پێویستە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە قەرزەکانیان بدەنەوە، بەپێچەوانەوە دەستبەسەر موڵکەکانیاندا دەگیرێت. ، جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای ئەوەی یاساکە دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە، وەزارەتی دارایی ئەو کۆمپانیایانە ئاگادار دەکاتەوە و پێویستە لەماوەی سێ مانگدا سەرجەم قەرزەکان بدەنەوە". ، وتیشی، ئەگەر لەماوەی ئەو سێ مانگەدا قەرزەکەیان نەدایەوە، ئەوا حکومەت دەتوانێت دەستبەسەر ئەو موڵکەدا بگرێت، کە وەک "ڕەهن" لەبەرامبەر قەرزەکەدا دانراوە. ، دوێنێ پێنجشەممە، 16ی کانونی دووەمی 2020، یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەندکرا و پێش پەسەندکردنیشی، فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان دانیشتنەکەیان جێهێشت.