گه‌ڕان

Shadow Shadow

دوو کۆمپانیای نزیک لە پارتی لە خاڵێکی سنوری هەرێم بە نایاسایی گومرگ وەردەگرن

2020.01.16 - 22:07
 دوو کۆمپانیای نزیک لە پارتی لە خاڵێکی سنوری هەرێم بە نایاسایی گومرگ وەردەگرن
ناس کورد- ، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات، دوو کۆمپانیای "دوو بەرپرسی پارتی" لە خاڵی سنوری سمێلکای نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا دانراون و بە نایاسایی گومرگ لە خەڵک وەردەگرن، هەر لەوبارەیەوە نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق کردووە بۆ لێکۆڵینەوە  و نوسیویەتی: "تۆ وەزیری حزبی، یان وەزیری دارایی عێراق". ، غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوو کۆمپانیا لە خاڵی سنوری سمێلکای نێوان هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان واتە سوریا لە سەرەتای کردنەوەی خاڵە سنورییەکەوە لەوێ دانراون و گومرگ لە خەڵک وەردەگرن و کەسیش نازانێت داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت". ، وتیشی: "هەردوو کۆمپانیاکە نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لەلایەن دوو بەرپرسی ئەو حزبەوە خاوەندارێتی دەکرێن". ، غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی خاڵە سنورییەکە زۆر زیاترە لە داهاتی خاڵە سنورییەکانی سنوری سلێمانی، بەڵام داهاتەکەی نە بۆ حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق ناگەڕێتەوە. ، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان باسی لەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا لەسەر ئەو بابەتە نوسراوێکی ئاڕاستەی، فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق کردووە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە. ، ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای وەڵامنەدانەوەی نوسراوەکەی و لەئێستادا، نوسراوێکی دیکەی بۆ فواد حسێن ناردووە و داوایکردووە، بەدواداچون بكات بۆ ئەو دوو كۆمپانیای حزبیە و لە نوسراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئایا تۆ (وەزیری حزبیی) کە نەخشەڕێ بۆ کۆمپانیا حزبیەکان دادەنێی، یان وەزیری دارایی عێراقی فیدڕاڵی".