گه‌ڕان

Shadow Shadow

شادی نەوزاد لەسەر دەرکردنی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەنگدانی بە یاسای چاکسازی هاتەدەنگ

2020.01.16 - 18:47
شادی نەوزاد لەسەر دەرکردنی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەنگدانی بە یاسای چاکسازی هاتەدەنگ
ناس کورد- ، لەسەر دەرکردنی لە جوڵانەوەی نوێ، شادی نەوزاد هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، پێش ئەوەی ئەوان دەریبکەن، ئەو وازی لە جوڵانەوەکە هێناوە و وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ دەنگی بە یاسای چاکسازی داوە، دەشڵێت: "شاسوار عەبدولواحید بۆ نەدانەوەی قەرزەکانی خۆی نەیویست پڕۆژەیاساکە تێپەڕێت". ، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی دەنگدان بە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنەکە چوونەدەرەوە، بەڵام شادی نەوزاد لە دانیشتنەکەدا مایەوە و دەنگی بە یاساکە دا، لە دوای ئەوەش لە نوسراوێكدا، چوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکردنی شادی نەوزادی لە فراکسیۆن و جوڵانەوەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: " لەم جوڵانەوەیەدا مرۆڤی بەرژەوەندخواز و خۆپەرست جێگای نابێتەوە". ، لەوبارەیەوە شادی نەوزاد بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەوان ناتوانن من دەربکەن، بەڵکو من خۆم ڕۆژی پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمانم ئاگاداکردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکم بە فراکسیۆنی نەوەی نوێوە نەماوە و خۆم لە فراکسیۆنەکە چوومەتە دەرەوە". ، جەختیشیکردەوە: "من لەکاتی دەنگدانم بە یاساکە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ دەنگمداوە و لەمەودواش هەربەوشێوە بەردەوام دەبم، ھەموان ئەزانن چەند مانگ پێش ئێستا، باسی ئەوەم کرد کە شاسوار عەبدولواحید خیانەتی لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ کردووە و بە پێچەوانەی بەڵێنەکان، نەوەی نوێی کردووە بە کۆمپانیای بنەماڵە و کردویەتی بە قوربانی سەفەقات و عەقدی بازرگانی، من ھەمیشە وەك قاچاخچییەکی ساختەچی سەیری شاسوارم کردوە، بەڵام بۆ خاتری پاراستنی یەکڕیزی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ھاوڕێکانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ مامەوە، بۆیە ئێستا جوڵانەوەکە دەیانەوێت وای نیشانبدەن کە دەریانکردووە". ، شادی نەوزاد ڕوونیشیکردەوە: " من وەك پەرلەمانتارێك کە سوێندم خواردوە بەرژەوەندی خەڵك بکەمە سەروی بەرژەوەندی حیزبەوە، کاتێك بینیم شاسوار عەبدولواحید خەریکە مامەڵە بە فراکسیۆنەکەمانەوە دەکات و خەریکە لە پشتەوەی ئێمە ڕێککەوتنی نھێنی بکات و شکۆ و بڕیاری ئێمە بگۆڕێتەوە بۆ خاتری دەستبەسەراگرتنی 52 ملیۆن دۆلار کە قەرزاری حکومەتە و بەگوێرەی یاسای چاکسازی دەبێت بیداتەوە، ئیتر بڕیاری کۆتاییم دا و بە فەرمی نامەی وازھێنانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەسلیمی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد". ، هاوکات دەربارەی کێشەکانی ڕابردووی لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەکە، شادی نەوزاد ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەیسە هێشتا لە دادگایە و کاری تێدا دەکرێت و بەهیچ شێوەیەکیش وازی لێناهێنێت و بەردەوام دەبێت لەسەری تا بڕیاری کۆتایی و یاسایی تێدا دەدرێت. ، کێشەکانی شادی نەوزاد لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەدوای ئەوە هات، چەند مانگێک لەمەوبەر، شادی نەوزاد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە، لەڕێگەی نامەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکردووە وێنەی نەشیاوی بڵاودەکاتەوە و لەڕێگای کامێرای چاودێرییەوە وێنەی گیراوە".