گه‌ڕان

Shadow Shadow

تەنانەت هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشیان جیاوازە

وڵاتێکی ئاڵۆز و دوو حکومەتی دژ.. لە لیبیا چی دەگوزەرێت؟

2020.01.15 - 13:49
وڵاتێکی ئاڵۆز و دوو حکومەتی دژ.. لە لیبیا چی دەگوزەرێت؟
ناس کورد – هۆرڤان رەفعەت کۆتا ئاگربەستی لیبیا خەریکە دەگاتە بنبەست و ڕوسیا و تورکیاش نەیاتوانی هیچ کام لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیا ڕازیبکەن بۆ دانوستان و کۆتایی هێنانی بە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە. . ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لیبیای دوای سەردەمی موعەمەر قەزافی بۆ دوو بەرەی تەواو جیاواز دابەش بووە، کە بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان و هەردوو بەرەکە لەلایەن دوو دەسەڵات و حکومەتی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەو دوو حکومەتە تەنانەت هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشیان جیاوازە و هان دەدرێن بۆ دەستبەرداگرتنی زۆرترین ناوچەی وڵاتەکەی خۆیان. . یەک وڵات و دوو حکومەت بەرەی ڕۆژهەڵات، بەرەی حکومەت و پەرلەمانی خەلیفە حەفتەرە کە نزیکەی 18 پارێزگای بەدەستەوەیە و لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی و ئەمریکاشەوە دانیپێدانراوە و سعودیە، میسڕ، سودان، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش بە ئاشکرا هاوکاری دەکەن و 65٪ی زیاتری وڵاتەکە و زۆرینەی ناوچە دەوڵەمەندەکانی لیبیای کۆنتڕۆڵکردووە و هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی لیبیاش دەدات. . بەرەی ڕۆژئاوا، بە سەرۆکایەتی فائز سەڕاج بەڕێوەدەبرێت کە ئەوانیش حکومەتیکی دیکەیان هەیە بەناوی حکومەتی  ویفاقی نیشتمانی و هەشت پارێزگایان لەژێردەستە، نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەى وڵاتان دانیان پێدا ناوە، لە ئێستادا تورکیا بە ڕاستەوخۆ و قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری دەکەن. . . ئەو شەڕەی ئێستاش لە لیبیا هەیە بە هێرشی سوپاکەی خەلیفە حەفتەر بۆ سەر سوپاکەی سەراج لە نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکی تەرابلوسی پایتەختی ڕاستەقینەی لیبیا و بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتر لە 40٪ی ئەو پارێزگایە لەلایەن حەفتەرەوە و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی هەردوولا، لە ئێستادا هەوڵی ئاگربەست دەدرێت، بەڵام حەفتەر بەردەوامە لە پێشڕەوی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی تەرابلوس کە پایەتەختی حکومەتی سەراجە. . ناردنی هێز لەلایەن تورکیاوە بۆ لیبیا و چارەنوسی ئەو هێزە ماوەی زیاتر لە مانگێکە تورکیا بەفەرمی زیاتر لە 1000 سەربازی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای ئازادی بردووەتە لیبیا بۆ پاڵپشتی حکومەتەکەی ڕۆژئاوای لیبیای فائز سەراج، بۆ ئەوەی شەڕ دژی حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر بکەن. . دوێنێ سێشەممە، 14ی کانونی دووەمی 2020، ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوانی چه‌كداره‌كانی ئه‌و گروپانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە تورکیا بردونی بۆ لیبیا گه‌یشتووەتە 14 كه‌س، كه‌ فه‌رمان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وه‌رده‌گرن و له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ حكومه‌تی ویفاق له‌ دژی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كراون و ئەو کوژراوانەش ئەندامی گروپەکانی (حه‌مزات، لیوای موعته‌سه‌م، فیرقه‌ی سوڵتان موراد و  لیوای سقور ئه‌لشیمالی) سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریان. . ڕوانگه‌ی سوری ئاماژەی بەوەشکردووە: "زیاتر له‌ هەزار و 500 چه‌كداری دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری سوریا گه‌یشتوونه‌ته‌ توركیا و بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ ڕه‌وانه‌ی لیبیا بكرێن". . هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست . ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی لە حکومەتەکەی حەفتەر کرد و لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەگەر هێرشەکانی خەلیفە حەفتەر دژی هێزەکانی سەڕاج لە تەرابلوس بەردەوام بن، ئەوا تورکیا پەشیمان نابێت لە هێرشێکی توند، وانەیەکی سەخت فێری سوپاکەی خەلیفە حەفتەر دەکات". . ئەردۆگان باسی لەوەشکرد کە "خەلیفە حەفتەر لە کۆبونەوەکەی مۆسکۆدا کە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست رێکخرابوو، هەڵهاتووە و ڕێککەوتنەکەی نەکردووە و ئەگەریش ئەو بەردەوام بێت لە قبوڵنەکردنی ئاشتی بۆ وڵاتەکەی، ئەوە ئەرکی ئێمەیە بەرگری لە لیبیا بکەین". . ئەم وتانەی ئەردۆگانیش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، توركیا یاداشتێكی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تەکەی ڕۆژئاوای لیبیا واژوو كرد و به‌ گوێره‌ی یاداشته‌كه‌ سوپای توركیا بۆی هه‌یه‌ بڕواته‌ لیبیا و سنووری ئاوی هه‌ردوو وڵاتیش له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌ستنیشان كراوه‌، ئەویش بە ئامانجی پاراستنی حکومەتەکەى سەڕاج کە لەسەر ئیخوانەکانی تورکیا و میسر حساب دەکرێن. ڕۆژی دووشەممە، 13ی کانونی دووەمی 2020، لە مۆسکۆ کۆبونەوەیەک لەنێوان شاندی باڵای حکومەتی ویفاق و حکومەتی سەڕاج بە نێوەندگیری ڕوسیا و تورکیا بەڕێوەچوو، کە ڕوسیا و تورکیا هەوڵی ئەوەیاندا خەلیفە حەفتەر ڕازیبکەن بە ڕێککەوتنێکی دوولایەنە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی کە بۆماوەی نۆ مانگە بەردەوامە، بەڵام حەفتەر ڕازی نەبوو، هەربۆیە دانیشتنەکەی مۆسکۆی بەجێهێشت و کۆبونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. . بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 19ی کانونی دووەمی 2020، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا هەریەکە لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ڕوسیا و تورکیا لەبارەی ڕەوشی لیبیا کۆببنەوە و کەسانی یەکەمی هەردوو حکومەتەکەی لیبیاش بانگهێشت کراون.