گه‌ڕان

Shadow Shadow

سەرکردە عێراقییەکان دەترسن ئەمریکا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ چین پەک بخات

2020.01.14 - 22:46
سەرکردە عێراقییەکان دەترسن ئەمریکا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ چین پەک بخات
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی چینی کرد و ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەنێوان هەردوولادا واژووکرا، بەڵام لەئێستادا چەند بەرپرسێکی شیعە باس لە مەترسی "دەستێوەردانی ئەمریکا" دەکەن بۆ کێشە خستنە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەڵام چەند شارەزایەک ڕەتیدەکەنەوە ئەمریکا بتوانێت ئەو کارە بکات. . ڕێککەوتنەکە بەمەبەستی بنیادنانەوەی عێراقە، بەشێوەیەک عێراق ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی چین دەکات و لە بەرامبەردا کۆمپانییەکانی چین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گشتیی لە عێراق ئەنجامدەدەن و بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، عێراق بنیاد دەنێنەوە. . مەنسور بەعیجی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، "ئەمریکا هەوڵدەدات شکست بە ڕێککەوتنەکە بهێنێت چونکە گورزێکی کوشندەیە لە هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە و سور دەزانێت کە ڕێککەوتنەکە عێراق دەگەشێنێتەوە و موجوڵ دەخاتەوە بەندەرەکان و هەزاران هەلی کار دروست دەبێت." . ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی عێراق و چین چییە؟ . عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق کە ئەوکات دەستیلەکارنەکێشابووەوە، لە میانی سەردانەکەیدا ڕایگەیاند: "لەم سەردانەمان هەوڵدەدەین لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی ستراتیژیەوە کاربکەین  بۆ هەستانەوەی عێراق و جارێکتر بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگەیی و پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدیبهێنین". . ئەحمەد کینانی، سەرۆکی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند:" ڕێککەوتنەکەی عێراق و چین هاوتای نییە و بە گەورەترین ڕێککەوتن هەژمار دەکرێت لە مێژووی عێراقدا، چونکە ڕێککەوتنی نەوتە بەرامبەر بە بونیادنانەوەی سەرلە نوێی عێراق". . بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی عێراق و چین، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی  بازرگانی بەرزدەکرێتەوە بۆ زیاتر لە 20 ملیار دولار، لە هەمانکاتیشدا عێراق بۆ ماوەی  20 ساڵ ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی چین دەکات بەرامبەر جێبەجێکردنی کۆمپانیا چینییەکان چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگاوبان، هێلی ئاسانی، نەخۆشخانە، قوتابخانە، یەکەکانی نیشتەجێبون، بەندەرەکان ، بەنداوەکان، کارەبا، خۆێندنی باڵا  و پەیوەندییەکان و چەندین بواری پیشەسازی و ژێرخانی ئابوری دیکە لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە لە هەموو شارەکانی عێراق. . کێشەکانی ئەمریکا و چین و مەترسی بۆسەر ڕێککەوتنەکە . لە ئێستادا ئەمریکا و چین لەکێشەدان و ئەمریکا چەندین سزای ئابوری بەسەر چیندا سەپاندووە، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو وڵاتە کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروست بکات. . دەربارەی مەترسییەکانی ئەمریکا بۆسەر ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتی چین دا، باسم ئەنتوان، ئاماژەی بەوەکرد، هیچ کاتێک ئەمریکا بە گوێری یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ پرسەکان نەکردووە، بەڵکۆ ڵۆجیکی فشارو هێزی بەکارهێناوە". . ئەوەشی خستەڕوو: " لەگەڵ ئەو مەترسییانەشدا، چین وڵاتێکی زەبەلاحە لەڕووی ئابوری و سەربازییەوە تاڕادەیەکیش هاوشانی ئەمریکایە لەزۆر ڕوەوە، بۆیە قورسە ئەمریکا بتوانێت تەگەرە و ئاستەنگ بخاتە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە". . هاوکات ڕەبیع جواری، شارەزای عێراقی  لەبواری ئەمنی و ستراتیژی،  لەوباریەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئەمریکا ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوشێنێتەوە، چونکە ڕێککەوتنەکە سیمای پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی پێوەیە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی واژووە کراوە، پەرلەمانی عێراقیش پێشتگیری لێکردووە". . وتیشى : "چین توانی بەشێوازێکی بێ وێنە سەرکەوتوبێت بەسەر هەژاری و دواکەوتویی کە لە ماوەی ڕابردوو بەدەستیەوە دەیناڵاند و نمونەی گەورەی پێشکەش بە جیهان کرد  لەسەر توانای پێشخستن بە خێڕایی وجێگیری و پتەوی  توانی لە دوواکەوتوترین وڵاتی جیهانەوە خۆی بگورێت  بۆ ئەو وڵاتەی کە ئێستا هەیە، بۆیە ڕێککەوتنەکە سودی زۆری بۆ عێراق دەبێت. . چین بۆچی لەمکاتەدا عێراقی هەڵبژارد بۆ ئەو ڕێککەوتنە؟ . سایمون واتکینز، شارەزای بواری نەوت و ئابوری لە ڕاپۆرتیکیدا لە ماڵپەری "ئۆیڵ پرایس"ی ئەمریکی دەرەباری ڕێککەوتنەکە نوسیویەتی: "بە هۆی کێشە ناوخۆییەکەی ئێران، چین لە ئێستادا چاوی بڕیوەتە عێراق بۆ ئەوەی بیکات بە وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆی، ئەوەش بە شێوەیەکی ڕوون  دەردەکەوێت لەو ڕێککەوتنەی کە لە  ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولادا واژووکرا". . واتکیننز، ئاماژەی بەوەشکردووە، چین بە هەموو توانایەوە هەوڵی ئەودەدات ئەو ڕێککەوتنە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، چونکە عێراق لە ناوچەکە پێگەیەکی جوگرافی ستراتیژی هەیە و یەدەگێکی زەبەلاحی نەوەت و گازی هەیە. . ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بە کرداریی عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووە، دەستی کردووە، بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوەت هەناردەی چین دەکات.