گه‌ڕان

Shadow Shadow

پۆمپیۆ نهێنییه‌كی تایبه‌ت بۆ عێراقییه‌كان ئاشكرا ده‌كات چی له‌ ژوره‌ داخراوه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت؟

2020.01.14 - 09:10
پۆمپیۆ نهێنییه‌كی تایبه‌ت بۆ عێراقییه‌كان ئاشكرا ده‌كات  چی له‌ ژوره‌ داخراوه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت؟
ناس كورد- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرجەم سەرکردە عێراقییەکان لەگفتوگۆ تایبەتییەکاندا پێیان ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکادان لە وڵاتەکەیان، سەرەڕای داوا ئاشکراکانیان بۆ کردنە دەرەوەی سەربازانی ئەمریکا لەو وڵاتە. . مایک پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا لە سیمینارێکدا لە زانکۆی ستانفۆرد ئاماژەی بەوەکرد "ئەوەی گوێم لێبووە لەمیانەی گفتوگۆکانم لەگەڵ نزیکەی 50 بەرپرسی عێراقی لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە تا ئێستا، پێچەوانە بووە لەگەڵ قسەی ئەو کەسانە کە بە ئاشکرا دەیکەن". . وتیشی "لەکۆبوونەوە تایبەتەکاندا ئەو بەرپرسانە پێشوازی دەکەن لە مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام بە ئاشکرا ئەوە ناڵێن". . پۆمپیۆ جەختیکردەوە، سەربازانی ئەمریکا کاردەکەن بۆ گرەنتی نەگەڕانەوەی داعش، زۆرینەی عێراقییەکان سەروەری و سەربەخۆییان دەوێت. . باسی لەوەشکرد، گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەی هەموو پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق کردووە، لەناویاندا سەرکردەکانی زۆرینەی شیعەکان. . هەفتەی ڕابردوو پۆمپیۆ داوایەکی سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری عێراقی ڕەتکردەوە بۆ ناردنی شاندێك بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوە لە عێراق، دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان. . هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی کرد بەسەر عێراقدا، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدەن کە ژمارەیان پێنج هەزار سەربازە. .