گه‌ڕان

Shadow Shadow

خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى پڕۆژه‌کە كۆتایی هات

پەرلەمانى کوردستان دەنگ لەسەر پڕۆژەى چاکسازیی دەدات

2020.01.14 - 08:38
پەرلەمانى کوردستان دەنگ لەسەر پڕۆژەى چاکسازیی دەدات
ناس کورد- بەرەبەیانى ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان کۆتایی هێنا بە ئەنجامدانى خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژە یاساى چاکسازیی لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە و بڕیاریدا ڕۆژى پێنجشەممە پڕۆژەکە بخاتە دەنگدانەوە. . بەپێی ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا‌ ماده‌ی حه‌وته‌می پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بواری خانه‌نشینی و له‌ چوار برگه‌ پێكهاتبوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا. . ئاماژە بەوەشکراوە، مادده‌ی حه‌وته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بواری خانه‌نشینی و له‌ چوار برگه‌ پێكهاتبوو، تێیدا چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خانه‌نشینكردنی پله‌ باڵاكانی داموده‌زگاكانی هه‌رێم دارێژراوه‌، زۆرترین تێبینی و پێشنیازی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر خرایه‌روو. . هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی ئه‌و مادده‌یه‌دا، شەڕ و گرژى له‌نێوان ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار روویداو ئه‌مه‌ش وایكرد بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرێت و دواتر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌و لەلایەن ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دەرخستنی راستی رووداوەکە پێکبهێندرێت. . مادده‌ی هه‌شته‌می پرۆژه‌ یاساكه‌ش تایبه‌تبوو به‌خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ران و له‌دوو برگه‌دا رێككاره‌كانی خانه‌نشینكردنیان روونكراوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا. . مادده‌كانی نۆیه‌م تا دوانزده‌یه‌می پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌به‌شی حه‌وته‌می تایبه‌ت به‌ بواری خانه‌نشینی بریتیبوون له‌رێككاره‌كانی گه‌راندنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خانه‌نشینكراو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی به‌پله‌ی وه‌زیر تا پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی بۆ چه‌ند چینێك و رێكخستنه‌وه‌و یه‌كخستنی داموده‌زگاو به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ جیاجیاكانی خانه‌نشینی كه‌ له‌هه‌رێم هه‌ن له‌گه‌ڵ راستكردنه‌وه‌ی خانه‌نشینی چه‌ند چینێك له‌چوارچێوه‌ی رێككاره‌ یاساییه‌كان. هه‌ر مادده‌یه‌ك به‌جیا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا. . دوای ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌كانی راسپارد سه‌ر له‌به‌یانی سێشه‌ممه‌ 15.01.2020 به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆببنه‌وه‌ بۆ دارشتنه‌وه‌و پوختكردنه‌وه‌ی پێشنیازو سرنجه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی مادده‌و برگه‌كانی پرۆژه‌كه‌و ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی. . سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند، کاتژمێر 11ی پێشنیوه‌رۆی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 17.01.2020 دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر.