ناس کورد-
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) ڕایگەیاند، گفتوگۆکانیان بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکان، داواش دەکات قاهیرە ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سوریا بگێڕێت.
.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی TeNی میسری ڕایگەیاند، "ڕۆڵی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر لە پاراستنی یەکێتی سوریا و پرسی کورد بەرز دەنرخێنین".
.
وتیشى، "ئێمە داوا دەکەین میسر ڕۆڵێکی زیاتر بگێرێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و هاتن بەدەم داواکاری گەلانی سوریاوە".
.
سەبارەت بە دەستێوردانەکانی وڵاتانی دراوسێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکردووە، دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران لە بەرژوەندی گەلانی سوریادا نییە و ئەو وڵاتانە بەدوای بەرژوەندییە تایبەتەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، بۆیە دەبێت میسر ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە کۆتایهێنان بە کێشەکانی سوریا چونکە میسر وڵاتێکی دیاری عەرەبییە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەبینێت.
.
وتیشی "قاهیرە دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت، چونکە جێگای متمانەی ئێمە و حکومەتی سوریاشە".
.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان و دیمەشق، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی، "جۆرێک لە گفتوگۆ لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا هەیە، قاهیرە دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت کە جێگەی ڕەزامەندی هەردولامان بێت".