گه‌ڕان

Shadow Shadow

چیرۆکی ئەو ژن و پیاوەى خۆشەویستییەکەیان لەناو فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا کۆتایی هات

2020.01.12 - 13:28
چیرۆکی ئەو ژن و پیاوەى خۆشەویستییەکەیان لەناو فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا کۆتایی هات
ناس کورد- ئەگەرچی چەند ڕۆژێک بەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە ئاسمانی تاران تێپەڕی، بەڵام چیرۆکە کارەساتبارەکانی ئەو ڕووداوە وردە وردە دەستپێدەکەن و دەگەن بە خەڵک، کە یەکێک لەوانە، چیرۆکی خۆشەویستی دوو کەسە کە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک بوو هاوسەرگیریان کردبوو. . لە کۆی 176 سەرنشینی قوربانی نێو فڕۆکەکە کە ڕۆژی 8ی کانونی دووەمی 2020 کەوتەخوارەوە و سوپای پاسداران دانینا بەوەى بە هەڵە و بە موشەکی ئەوان خراوەتەخوارەوە، دوو کەسیان بەناوی موحسین ئەحمەدپور  و ڕۆژا ئازادیانی کە هەردوکیان بە ڕەگەز ئێرانین و خاوەنی ڕەگەزنامەی کەنەدین چیرۆکێکی کارەساتباریان هەیە، کاتێک موحسین لە گەشتەکە دواکەوت، ڕۆژا بە تەنها ڕۆشتەوە و بۆ هەتاهەتایە چیرۆکی خۆشەویستییان کۆتایی هات. . موحسین و ڕۆژا کە لە وڵاتی کەنەدا ژیاون، زیاتر لە پێنج ساڵ بووە خۆشەویستی یەکتری بوون و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەڕابوونەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی لەسەر شێواز و کلتور و ئاینیی خانەوادەکانیان لە ئێران هاوسەرگیری بکەن. . دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەیان، بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە موحسین و ڕۆژا پێکەوە بگەڕێنەوە بۆ شاری ئۆتاوا لە کەنەدا و هەردووکیشیان بلیتیان کڕیبوو، بەڵام پێش چەند کاتژمێرێک موحسین کارێکی تایبەتی بۆ دروست بووە، هەربۆیە ڕۆژا بە تەنها ڕۆشت و  موحسینیش ویستی بە فڕۆکەی داهاتوو بچێتە لای ڕۆژا. بریاربوو تەنها دوای چەند کاتژمێرێک ڕۆژا و موحسین یەک ببینەوە، بەڵام ئەو ماڵئاواییەی موحسین لە ڕۆژای کرد لەنێو فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی، بووە دوایین ساتی یەکتر بینینی ئەو دوو هاوسەرە و هەر لەو کاتەی کە موحسین لە فڕۆکەخانە بوو گوێی لە دەنگی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بوو کە هاوسەرەکەی تێدا بوو و ئیتر لەوێوە چیرۆکی خۆشەوستی موحسین و ڕۆژا کۆتایی هات. . بەرەبەیانی ڕۆژی 8ی کانونی دووەمی 2020، سوپای پاسدارانی ئێران لەئاسمانی تاران بە موشەکێکی بالیستی و بە هەڵە فڕۆکەیەکی جۆری "بۆینگ 737"ی هێڵی ئاسمانی ئۆکراینیای خستە خوارەوە کە فرۆکەکە دەیویست لە تارانەوە بەرەو کەنەدا بچێت و بەهۆیەوە 176 سەرنشین و کارمەندی فڕۆکەکە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا. . هەرچەندە سەرەتای بەرپرسانی ئێران ئامادەنەبوون هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە ئاشکرا بکەن، بەڵام دوای فشارەکانی حکومەتی کەنەدا و بەریتانیا، دوێنێ شەممە بەناچاری سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بە هەڵە فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان خستووەتەخوارەوە و ئامادەشن هەموو بەرپرسیاریەتییەکە لەئەستۆ بگرن.