گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە

بۆچى گۆڕانکاریی لە موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان لە پڕۆژەى چاکسازییدا نەکرا؟ (تایبەت)

2020.01.10 - 23:37
بۆچى گۆڕانکاریی لە موچەى خانەنشینى پلە باڵاکان لە پڕۆژەى چاکسازییدا نەکرا؟ (تایبەت)
ناس کورد- دواجار گفتوگۆکانى پەرلەمان و حکومەت لەسەر پڕۆژەى چاکسازیی، نەهێشتن یان کەمکردنەوەى خانەنشینى پلە باڵاکان، زیادکردنى موچەى خانەنشینى فەرمانبەرانى لێنەکەوتەوە، ئەوەش پڕۆژەکەى ڕووبەڕووى شەپۆلێک ڕەخنەکردووەتەوە. . بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و سەرۆکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمان نایشارێتەوە، هێشتا بەشێک لە ڕەخنەکان هەر ماون و هەندێک فراکسیۆنیش لەئێستاوە دەڵێن دەنگ بە پڕۆژەکە نادەن. . لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای چاکسازی، پڕۆژەیاساکە ڕوبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە، بەهۆی ئەوەی کە بەگوێرەی پڕۆژەکە، خانەنشینی پەرلەمانتار و پلەباڵاکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا ناکرێت و کەمترین موچەی خانەنشینیش ناکرێتە 400 هەزار دینار. . ناس کورد زانیویەتی لەکاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەکە، لیژنەکە چەند پێشنیازێکی داوەتە حکومەت بۆ زیاکردنی کەمترین موچەی خانەنشینی بۆ 350 هەزار دینار، بەڵام حکومەت ڕەتیکردووەتەوە، هەروەها ڕەتیشیکردووەتەوە، گۆڕانکاری لە مادەی تایبەت بە موچەی پەرلەمانتار و پلەباڵاکاندا بکات. . زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "دوای چەندین کۆبوونەوە پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاری باشی تێداکراوە بەراورد بەوەی حکومەت ناردییە پەرلەمان". . وتیشی، هێشتاش بەشێک لە ڕەخنەکان هەر ماون لەسەر پڕۆژەکە لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە، بەڵام ڕەنگە لە هۆڵی پەرلەمانیش لە ڕۆژی یەکشەممەدا گۆڕانکاری دیکەی تێدا بکرێت. .   هاوکات، ئەندامێکی لیژنەی دارایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای دروستبوونی ڕەخنەکان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی چەند پێشنیازێکمان دەربارەی کەمترین موچەی خانەنشینی و موچەی پلەباڵاکان و  دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ موچە پاشەکەوتکراوەکان و هەروەها موچەی زیندانیانی سیاسی داوەتە حکومەت". . وتیشی، پێشنیازەکەیان بۆ موچەی خانەنشینان ئەوە بووە کە کەمترین موچەی خانەنشینی 350 هەزار دینار بێت و دواتریش هەر لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە. . بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، وەزیری دارایی وتویەتی "لە ئێستادا حکومەت قەرزارە و ناتوانین ئەوە بکەین، بەڵام هەر بڕە پارەیەک بەهۆی یاسای چاکسازییەوە گەڕایەوە بۆ حکومەت هەوڵدەدەین بۆ ئەو پرسە تەرخانی بکەین". . دەربارەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار و پلەباڵاکان، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت ئەو پێشنیازەشی ڕەتکردووەتەوە کە گۆڕانکاری لەو بڕگەیەدا بکەن و وەک خۆی دەمێنێتەوە و کەمترین موچەی خانەنشینی پلەباڵاکان لە 25٪ بۆ 70٪ی موچەکەیان پێکدێت و تەنها ئەوەی هەیە کە مەرجی تەمەن و خزمەت زیادکراوە. . ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو پەرلەمانتارانەی کە مەرجی تەمەن و خزمەتیان تێدانییە، ئەوا مانگانە 40٪ی موچەکەیان پێدەدرێت، کە زیاتر لە سێ ملیۆن دینار دەکات، تا ئەوکاتەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە. . لاى خۆیەوە، سەرکۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "52 کاتژمێر کۆبوونەوەمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە کردووە لە لیژنەی دارایی، تاوەکو گەشتووە بەوەی کە ئێستا هەیە، پڕۆژەیەکی باشە و داهاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی کێشەیە و ڕەخنەی دروستکردووە، زیاتر لە پرسی خانەنشینی پلەباڵاکاندا ڕەنگی داوەتەوە". . ئەوەشی ئاشكراکرد، ڕۆژی یەکشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە دەکرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە تاوەکو 20ی ئەم مانگە پڕۆژەکە تێدەپەڕێندرێت. . گۆڕانکارینەکردن لە پڕۆژەیاساکەدا، بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان و تەنانەت هەندێک پەرلەمانتاری حزبەکانی دەسەڵاتیشی توڕە کردووە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نادەن. . دوێنێ پێنجشەممە، هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەیان ڕاگەیاند، کە تێبینییان لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە و هەربۆیە دەنگی پێنادەن. . کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتارى نەوەى نوێ لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "ئەم پڕۆژە یاسایە پڕۆژەیەکی ناکامل وپڕ کەموکوڕیە و پێویستە لەناو ھۆڵی پەرلەمان پێداچونەوەی پێدا بکرێت، ئەگەر نا ئەمە بەھیچ شیوەیەک پێی ناوترێت چاکسازیی وھیچ سودێکی بۆ موچەخۆران وخانەنشینان نابێت". . هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هێشتا بڕیارمان نەداوە دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەین یاخود نا، بەڵام ئەگەر دەنگیشی پێنەدەین، دەسەڵات زۆرینەیە و پڕۆژەکە تێدەپەڕێنن". . جگە لە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان، تائێستا هەردوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، شایان عەسکەری و شیرین ئەمین ڕایانگەیاندووە، دەنگ بە ماددەى تایبەت بە خانەنشینى پلە باڵاکان نادەن. . لاى خۆیەوە، عەلى حەمەساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاندووە “نوێنەرانی ئێمە لە لیژنەی دارایی و یاسایی ئەو بڕگەیان پەسەند نەکردووە کە تایبەتە بە خانەنشینى پلە باڵاکان، فراکسیۆنی گۆڕان بەتەواوی پەیوەستە بەرنامەی گۆڕان بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان”.