گه‌ڕان

Shadow Shadow

عەبدولمەهدی بۆ بەرپرسێکی ئەوروپی: هەڵوێستمان نەگۆڕە لەبارەى کشانەوەى هێزە بیانییەکان

2020.01.10 - 11:17
عەبدولمەهدی بۆ بەرپرسێکی ئەوروپی: هەڵوێستمان نەگۆڕە لەبارەى کشانەوەى هێزە بیانییەکان
ناس کورد- عادل عەبدولمەهدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسێکی ئەوروپی جەختی لە "هەڵوێستی عێراق کردەوە لەبارەى کشانەوەى هێزە بیانییەکان." . ئەمڕۆ هەینی، 10ی کانونی دووەمی 2020، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێف بوریل، جێگری سەرۆکى کۆمسیۆنی ئەوروپی و نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا "تاوتوێی دۆخ و ڕووداوەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراقیان کرد". . لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەی عەبدولمەهدیدا هاتووە، "لە پەیوەندییەکەدا باس لە قەیرانی ئێستا و ڕێگاکانى هەماهەنگی هەردوولا کراوە بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە و دورکەوتنەوە لە بارگرژییەکان." . هاوکات عادل عەبدولمەهدی جەختیکردووەتەوە لە "هەڵوێست و بڕیاری عێراق بۆ کشانەوەى هێزە بیانییەکان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەروەرییەکەی." . دەشڵێت، "عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە کە بارگرژییەکان خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری هیچ لایەک ناکات و تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ دورخستنەوەى ناوچەکە و جیهان لە مەترسی جەنگ". . هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەو بەرپرسە ئەوروپییە جەختی لە "مەترسیداری دۆخی ئێستا و ڕێگری لە بارگرژییەکان کردووەتەوە" و ئاماژەى بەوەکردووە کە "وەزیرانی دەرەوەى وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەبەستن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و چاوەڕێ دەکەن ڕاگەیەنراوێک بڵاوبکەنەوە و تێیدا پشتگیری لە یەکێتی و سەروەری عێراق بکەنەوە."