گه‌ڕان

Shadow Shadow

 فڕۆکە ئۆکرانییەکە چۆن تێکشکا؟ کێشەی تەکنیکی هەبوو یان موشەکی بەرکەوت؟

2020.01.08 - 23:05
 فڕۆکە ئۆکرانییەکە چۆن تێکشکا؟ کێشەی تەکنیکی هەبوو یان موشەکی بەرکەوت؟
  ناس كورد- دەستەی فڕۆکەوانی ئێران، ڕایگەیاند، فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی كێشەی تەكنیکیەوە کەوتووەتە خوارەوە و بەهیچ شێوەیەکیش سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە ڕادەستی ئەمریکییەکان ناکەن، ڕۆژنامەیەکی بەریتانیش، رایگه‌یاند :"فڕۆکە ئۆکرانییەکە یەکێک لەو موشەکانەی بەرکەوتووە کە ئێران ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای کردووە لە عێراق". . پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ (چوارشه‌ممه‌)، فڕۆكه‌یه‌كى ئۆكرانى به‌ته‌واى سه‌رنشینه‌كانیه‌وه له‌ ئێران كه‌وته ‌خواره‌وه‌، عەلی عابد زادە، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی ئێران، بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند:"هەردوو سندوقی ڕەشی فڕۆکە ئۆکرانییەکەمان دۆزیوەتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕادەستی کۆمپانیای" بۆینگ،" و ئەمریکییەکانی ناکەین". . لێدوانەکەی، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی"دەیلی میل"ی بەریتانی، کە تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی بەرکەوتنی بووە بە یەکێک لەو موشەکانەی کە ئێران ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای کردووە لە عێراق. . .   هاوكات بەرپرسانی  كۆمپانیای "شاری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی"  بە ئاژانسی فارس نیوزی وڵاتەکەیان وتووە" پێشبینی ئەوە دەكرێت فڕۆكەكە پێش هەستانی دووچاری كێشەی تەكنیكی  بووبێت". . لای خۆشیەوە هێڵی ئاسمانیی ئۆکرانیا سەبارەت بە فڕۆکە تێکشکاوەکەی کە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 بووە ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەکە سێ ساڵە دروستکراوە و دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەتەواوی پشکنینی سەلامەتی بۆ کراوە. . هاوکات، ڤۆڵودیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیامێکدا، هۆشداریداوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست و بێبنەما دەربارەی  هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، داواشی کردووە هەمووان چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بن. . به‌ره‌به‌‌یانى ئه‌مڕۆ، فڕۆكەیەكی ئۆكرانی لە تارانی پایتەختی ئێران كەوتەخوارەوە، بە گوێرەی  تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانیش، فڕۆكە ئۆكرانییەکە دوای چەند خولەكێك لە هەستانی لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران كەوتوەتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەكانی، كە ژمارەیان 176 كەس بوون، بەتیمی فڕۆكەوانییەوە، گیانیان لەدەستداوە. .