ناس کورد-
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەلی عێراق وڵاتێکی ئازاد و گەشەسەندووی داوا دەکات و دەیەوێت لە "هەژمونی پیسی ئێران" ڕزگاری بێت.
.
مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، "ڕەشنوسی نوسراوەکە لەبارەى کشانەوەمان لە عێراق هیچ نرخێکی نییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هیچ نیازێکی کشانەوەى نییە."
.
ڕاشیگەیاند، بژاردەی کوشتنی قاسم سولەیمانییان دایە "دەستی سەرۆک ترەمپ چونکە زانیاریمان هەبوو کە ئەو بڕیارە بڕیارێکی دروستە" و وتی، "زانیارییە هەواڵگرییەکان جێگەی باوەڕ بوون و قاسم سولەیمانی چاوی بە کەسێک دەکەوت تاوەکو پلانی کارێکی تیرۆرستی دابنێت."
..
ئاماژەى بەوەشکرد، "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێران دۆخەکە ئارام بکەینەوە و شەڕمان لەگەڵ ئەو وڵاتە ناوێت، بۆیە هیوادارین دۆخەکە ئاڵۆز نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەرشتێک ڕووبدات ئامادەین بۆ خراپترین بژاردە."
.
وتیشی، "گەل و هاوپەیمانانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە هەوڵی شەڕ نادەین بەڵام ئەگەر دەستیپێکرد ئەوە توانامان هەیە بۆی."