گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕۆژئاواى کوردستان داواى یەکلایکردنەوەى کەیسى دەستگیرکراوانى داعش دەکات

2020.01.07 - 15:44
ڕۆژئاواى کوردستان داواى یەکلایکردنەوەى کەیسى دەستگیرکراوانى داعش دەکات
ناس کورد- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری ڕۆژئاواى کوردستان جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستى دامەزراندنى دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌، بەمەبەستى یەکلایکردنەوەى چارەنوسیان. . ئەمڕۆ (سێشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2020)، عەبیرئیلیا، جێگری هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قامیشلۆ، ڕایگەیاند "پێویستە لەسەر لایەنی نێودەوڵەتی بەزوترین کات کاربکات بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش کە دەبێت لە چوارچێوەی مەرج و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بێت". . ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتیکردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا  لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ دامەزراندنی ئەو دادگایە زۆر گرنگە، بەپێویستیشیزانی ئەو دادگایە لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریادا بێت، چونکە پشکی شێرى تاوانەکانی داعش لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە و بەڵگەی پێویستیش دەربارەی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە  نەتەوەکانی ناوچەکە بەردەستە و بەئاسانی فەراهەم دەکرێت. . عەبیرئیلیا، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دۆسیەی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش  لەگەڵ هەزاران کەسی دیکە لە خێزانەکانیان لەژێر کۆنتڕۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری باکور و خۆرهەڵاتی سوریادایە، کەڕەگەزنامەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 50 وڵات. . وتیشى بوونی ئەو ژمارە زۆری چەکدارانی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان بارگرانییەکی زۆری بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ دروستکردووە، بۆیە پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە، داواشیکرد ئەو دۆسیەیه‌ بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە. . بەرپرسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، هۆشداریشدا لە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان بە تایبەتی دوای لەشکرکێشییەکه‌ی تورکیا. . باسى لەوەشکرد، ئەو چەکدارانەی کە لە ئاکامی هەڵمەتەکانی هێزەکانی سوریا دیموکرات هەڵاتبوون بۆ تورکیا، ئێستا هاوشانی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا لە ناوچەکانی سەرێکانی ، کۆبانێ و گرێ سپی شەڕ دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، هۆشداری ئەوەشیدا کە پلان بۆ شکاندنی زیندانەکان هەیە لەلایەن تورکیاوە بە مەبەستی  ڕزگارکردنی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە. https://youtu.be/277eUAarnnU   .