گه‌ڕان

Shadow Shadow

کورد هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکەى بەغدا دەدات بۆ ڕێگری لە برسێتی نەوەدەکان

2020.01.06 - 22:20
کورد هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکەى بەغدا دەدات  بۆ ڕێگری لە برسێتی نەوەدەکان
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح لایەنە کوردییەکان لەگەڵ هێورکردنەوەى گرژییەکانى سەر گۆڕەپانى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکاندان بۆ ئەوەى ئەو وڵاتە نەبێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێکان، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ. . پاش ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، 5ی کانونی دووەمی 2020، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا پرۆژەبڕیارێکی پێنج خاڵیی پەسەندکرد و بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربکرێن، لە ئێستادا ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا وعێراق  پەرەی سەندووە. . کورد کە خاوەنى 62 کورسییە لە پەرلەمانى عێراق بەشدارى دانیشتنەکەى پەرلەمانى نەکرد، وەک نیشاندانى هەڵوێستى بێلایەنى لەو پرسەدا کە گرژى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە. . زیاتر بخوێنەوە: بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانییەکان دەگاتە هەولێر؟ . لە ئەگەری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای "بێوێنە و قورسى  لە عێراق" کرد کە ببێتە هۆکاری دارووخانی ئابوری وڵاتەکە هاوشێوەی سزا ئابورییەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ئەگەرى جێبەجێکردنى هەڕەشەکەشدا، هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا پێدەچێت پریشکی ئاگری ئەو سزایانەی بەربکەوێت. . سەرکردایەتییەکی یەکێتی جەختدەکاتەوە، حزبەکەی هەمووهەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و فراکسیۆنەکەشیان لە بەغدا بەرەوامە لە کارکردن بەو ئاڕاستەیە. . پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنى گشتیی سەرکردایەتی یەکێتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئێمە لە سەرەتای قەیرانەکەوە هەوڵی ئەوەمان داوە دۆخەکە هێوربکەینەوە، چونکە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لەسەر حیسابی خەڵکی عێراق دەبێت".   وتیشی "کورد نابێت ببێتە تەرەف لەو نێوەندەدا، داوامان لە لایەنەکان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و بڕیاری بە پەلە نەدەن و عێراق نەکرێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان". . پۆڵا تاڵەبانى ئەوەشی خستەڕوو، سەروەری خاکی عێراق بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگە، بەڵام دەبێت کێشەکانیش بەهێمنی چارەسەربکرێن، چونکە تەنها زەرەرمەند لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراقە بەگشتی. . ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لەڕێگەی فراکسیۆنەکەیانەوە لە بەغدا هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بۆچوونەکان لەیەکتر نزیکبکەنەوە، درێغیش ناکەن لە هەرهەوڵێکی سیاسی و دبلوماسی لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە بۆ هێورکردنی ئەو دۆخەی کەئێستا عێراقی پێدا گوزەردەکات. . بەردەوامى ئاڵۆزییەکان لە عێراق دواى کوژرانى قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى سەریهەڵدا، لە هێرشێکى موشەکى ئەمریکادا لە فڕۆکەخانەى بەغدا، ئەوەش لایەنە شیعییەکانى هاندا لە پەرلەمانەوە بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانییەکان پەسەند بکەن. . لە دواى ڕووداوەکە سەرۆکایەتى و بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان داواى دان بەخۆداگرتنیان لەلایەنەکان کرد، بۆ ئەوەى ڕەوشەکە گرژتر نەبێت و عێراق نەبێتە گۆڕەپانى یەکلاییکردنەوەى ململانێکان. . عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئێستا هەڕەشەکان زۆربوون وهەر لایەنێک هەڵدەستێت هەڕەشە دەکات". . وتیشی "ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت بە دۆخی عێراق پاش ڕووداوی کوشتنی سولەیمانی باشترین بەرجەستەیە بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و کورد لەسەر دۆخەکە، کە جەختدەکاتەوە لە سەر دان بەخۆدانی لایەنەکان وگفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق". . سەرکردایەتییەکەی پارتی ڕونیشیکردووە، شەڕهیچ کاتێک چارەسەرنەبووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، "هەرکارێک ببێت بە هۆکاری دوورخستنەوەی وڵات لە شەر و ئاشوب ئێمە هەوڵی جدی بۆدەدەین، پشتگیریش لە هەر کەسێک دەکەین ببێتە مایەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق".