گه‌ڕان

Shadow Shadow

دانپێدانانەکانى خەزعەلى ؛ چۆن زانیارى لەبارەى سلێمانى و موهەندیسەوە داوەتە ئەمریکییەکان؟

2020.01.06 - 11:37
 دانپێدانانەکانى خەزعەلى ؛ چۆن زانیارى لەبارەى سلێمانى و موهەندیسەوە داوەتە ئەمریکییەکان؟
ناس کورد- بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵێکى ئەمریکى، قەیس خەزعەلى سەرۆکى عەسائیبى ئەهلى هەق کاتێک لەلایەن هێزە فرە ڕەگەزەکانەوە بۆ چەند ساڵیک دەستگیرکراوە، لەدژى ئێران و چەند سەرکردەیەکى ئێستاى حەشدى شەعبى زانیارى وردى داوەتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان. ، کەناڵى حوڕەى ئەمریکیى لەڕاپۆرتێکدا باسى لەوە کردووە،  زانیارییەکانى خەزعەلى لەسەر هاریکارى ئێران بۆ میلیشیا چەکدارەکان و چەندین پرسى سەربازى و سیاسى تر بووە لەعێراق و کۆمەڵێک زانیارى لەسەر ئەبو موهەندیس و سولەیمانیش داوەتە ئەمریکیەکان و سودى لێوەرگیراوە. ، بەپێى ئەو زانیارییانەش، خەزعەلى ئاواتى ئەوەى خواستوە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەدژى ئێران کاربکات. ،

دەستگیرکردنى خەزعەلى

، بەپێی ڕاپۆرتەکە، کاتێک ساڵى 2007 لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە خەزعەلى دەستگیرکراوە، کۆمەڵێک زانیارى ورد وگرنگى لەسەر ڕاهێنانى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە بۆ ئەمریکییەکان ئاشکرا کردووە، بەتایبەت لەبارەى چۆنیەتى پاڵشتى کردنى ئەو میلیشیا چەکدارانەوە. ، خەزعەلى ناوى ئەفسەرە ئێرانیەکان و ئەو سەربازگەیەى کە ڕاهێنانەکانى لەئێراندا تێدا کراوە درکاندووە و کۆمەڵێک زانیارى ترى لەسەر قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس و ئەبومەهدى موهەندیس داوەتە ئەمریکییەکان. ، لەى 20 ئادارى  2007، خەزعەلى لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە دەستگیرکرا و ساڵى 2010 لەڕێگەى گۆڕینەوەى دیلەوە ئازاد کرا. ، هۆکارى دەستگیر کردنەکەى خەزعەلى لەو کاتەدا بەهۆى کۆمەڵێک تۆمەتەوە بوو کە درابووە پاڵى لەوانە، هێرشکردنە سەر هێزە فرە ڕەگەزەکان لەعێراق و کوشتنى خەڵک و بازرگانى چەک لەگەڵ ئێران و ئەنجامدانى تاوان بەدەر لەیاسا، هەروەها تۆمەتبار کرابوو بەڕوداوى هەڵکوتانە سەر ئەنجومەنى پارێزگاى کەربەلا لەهەمان ساڵدا، بەڵام لەلایەن سینتکۆم (فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا)وە ساڵى 2018 تۆمەتەکانى لەسەر هەڵگیرا. ، بەپێی ڕاپۆرتەکەى کەناڵى حورە، لەکاتى لێکۆڵێنەوەکانى سینتکۆم دا خەزعەلى هاوکارییەکى باشى لەپێدانى زانیارییەکان کردووە لەسەر پاڵپشتیەکانى سوپاى پاسداران بۆ چەکدارە میلیشیاکان و ڕاهێنان کردنیان و درکاندنى ناوەکانیان درێغى نەکردووە. ،

وردەکارییەکانى پشتیوانیەکانى ئێران بۆ میلیشیا چەکدارەکان

، بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەئان و ساتى لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا، قەیس خەزعەلى زانیارى لەسەر ئەندامانى سوپاى مەهدى کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرپەرشتى دەکران داوەتە ئەمریکییەکان، لەگەڵ پێدانى زانیارى لەسەر ئەو میلیشیا شیعانەى کە ئەمریکا بەگروپە تایبەتیەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن وەسفکردووە لەنێویاندا کەتائیبى حزبوڵاى عێراق. ، باس لەوەشکراوە، بەڵام خەزعەلى زانیاریی  وردى لەسەر پەیوەندیی گروپەکانى خامنەیى و ڕەوتى سەدر یاخود ڕێکخراوى بەدەر نەبووە  ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئەو جۆە پەیوەندییانە بەشێوەیەکى تایبەت و لەچوارچێوە  کەسییەکاندا بەڕێوەچوون. ، خەزعەلى ئەوەشى لەمیانى لێکۆڵینەوەکاندا درکاندووە، چاوپێکەوتنى لەگەڵ دوو ئەفسەرلەنێو پێنج ئەفسەرى سوپاى پاسداراندا بینیوە کە یارمەتى میلیشیا چەکدارەکانی عێراقیانداوە و خەزعەلى ناوى ئەفسەرەکان و شێوازى کارەکانى ئاشکراکردووە. ، هەر لەمیانى ئەو دانپێدانانەى کە خەزعەلى کردوویەتى، کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەسەر سەربازگەى ئیمام خومەینى داوەتە هێزە فرە ڕەگەزەکان کە دەکەوێتە باکورى شارى تاران و ڕاھێنان بە میلیشیا چەکدارەکانى عێراق دەکات، ناوى سەرپەرشتیارى ئەو سەربازگەیەش کەبەفارسى قسەى کردووە و دواتر بۆ عەرەبى وەرگێڕدراوە داوەتە ئەمریکیەکان. ، لەدانیشتنێکى ترى ئەو لێکۆڵینەوانەدا خەزعەلى وتوویەتى: "شەش مانگە گوێم لەوە بووە سەربازانى کەتائیبى حزبولا چوونەتە ئێران بەمەبەستى ڕاهێنانى سەربازى بۆ یارمەتیدانى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق"، بەڵام خەزعەلى ئەو ئێرانیانەى نەناسیوە کە لەسەربازگەکانیاندا ڕاهێنانیان بەو جۆرە چەکدارانە کردووە. ،

سولەیمانى و ئەبوموهەندیس

  ، بەپێی ڕاپۆرتەکە، خەزعەلى کۆمەڵێک زانیارى گرنگیشى لەسەر قاسم سولەیمانى و چۆنیەتى پەیوەندییەکانیان درکاندووە، هەرچەندە وردەکاریى ئەو زانیارییانە ئاشکرا نەکراوە لەلایەن ئەمریکاوە بەڵام خەزعەلى وتوویەتى "پەیوەندیەکى باش لەنێوان ڕێکخراوى بەدر و سوپاى مەهدى و ئەبو مەهدى موهەندیسدا هەبووە، تا لەناو ئەو هێزانەشدا پلەى کەسێک بەرزببێتەوە وازهێنان ئەستەمتر دەبێت". ، خەزعەلى ئەوەشى درکاندووە کە ئەبومەهدى لەڕێگەى پەڕلەمانەوە دەتوانێت ڕووداو لەقازانجى ئێران دروستبکات و چەند کەسێکى ترى هاوشێوەى موهەندیسیش کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا پتەوە لەعێراقدا هەن. ، هەر لەلێکۆڵینەوەکاندا خەزعەلى کۆمەڵیک زانیارى لەسەر موقتەدا سەدر و عەباس کوفى و ئەو ئێرانیانەى لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکاندا کاریان کردووە ئاشکرا کردووە. ، لەناوەڕۆکى دۆسییەکى ئەو لێکۆڵینەوانەدا هاتووە" گەرچى دەستگیرکراو (خەزعەلى) پاڵپشتیەکانى ئێرانى قبوڵکردووە، بەڵام لەئێستادا دژى ئێرانیەکانە و بەهاوارى بەرز ڕەتیاندەکاتەوە و هەروەها بەشێوەیەکى گشتیش دژى موقتەدا سەدرە". ، هەر بەپێى ئەو پەڕاوە، خەزعەلى باسى لەبەکارهێنانى هەژموونى خۆى لەدژى ئێران و ئەوانەشى کاریان لەگەڵدا دەکەن کردووە و ئومێدى خۆیشى دەربڕیوە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا کاربکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ئێران.