گه‌ڕان

Shadow Shadow

حزبوڵا نامەی بۆ پەرلەمانتارە کوردەکان ناردووە

فراکسیۆنە کوردییەکان ناچنەوە بەغدا.. حزبوڵا نامەى بۆ پەرلەمانتاران ناردووە

2020.01.05 - 10:36
فراکسیۆنە کوردییەکان ناچنەوە بەغدا.. حزبوڵا نامەى بۆ پەرلەمانتاران ناردووە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدات و تێیدا ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی عێراق و ئەمریکا تاوتوێ بکات، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ناس کوردیش، فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکە ناکەن. . دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 3ی کانونی دووەمی 2020 و کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەى فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی پەیوەندییەکانی لایەنە شیعییەکان و ئەمریکا بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشتووە و دەیانەوێت لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەربکەن. . پەرلەمانتارێکی کورد کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکەن، چونکە ئەو پرسە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و خزمەت بە گەلی عێراق ناکات. . وتیشی، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە و بە کۆ دەنگی نەبووە، بەڵکو هەر فراکسیۆنێک خۆی بڕیاری داوە کە بەشداری بکات یاخود نا. . زیاتر بخوێنەوە: حزبوڵا‌ هەڕەشە لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەکات.. "ناهێڵین قاچتان بخەنە بەغدا" . ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیە بدرێت بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا بارودۆخی عێراق هێندەی تر تێکدەچێت و لەڕووی ئابوریشەوە دەڕوخێت. . هاوکات سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد: "زۆرینەی پەرلەمانتارە کوردەکان لە هەرێمن و فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری دانیشتنەکە ناکەن". . وتیشی، تەنها ئەوان وەک "گروپی 15" یەک دوو نوێنەریان ناردووە، فراکسیۆنەکانى یەکێتی و پارتیش سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان ڕۆشتوون، بەڵام بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و دانوستان، نەک بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا. . سەرکەوت شەمسەدین ئەوەشی ئاشکراکرد کە: "حزبوڵای عێراق لەڕێگەی مۆبایلەوە نامەی بۆ زۆرینەی پەرلەمانتاران ناردووە و داوای لێکردوون: "بەشداری دانیشتنەکە بکەن و دەنگ بە دەرکردنی ئەمریکا بدەن لە عێراق بۆ ڕزگارکردنی وڵات و گەڕاندنەوەى سەروەرییەکەى". . هاوکات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵای عێراق پەیامێکی بۆ پەرلەمانتارە کوردەکان نارد و هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر بەشداری دانیشتنەکە نەکەن و دەنگ بە دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق نەدەن، ئەوا چیتر ڕێگەیان نادەن بچنەوە بەغدا و پێ بخەنە پەرلەمانی عێراقەوە. . بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد بە ناس کوردی وت: "ئێرە لوبنان نییە تا بتوانن وابکەن و پەرلەمان هی ئەوان نییە و هی خەڵکە".