گه‌ڕان

Shadow Shadow

پەرلەمانتارێکی فەتح: لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا دەبێت بڕیار لەسەر دەرکردنی ئەمریکا بدرێت

2020.01.04 - 22:19
پەرلەمانتارێکی فەتح: لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا دەبێت بڕیار لەسەر دەرکردنی ئەمریکا بدرێت
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح ، بڕیارە سبەینێ دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت و فراکسیۆنە شیعییەکانی پەرلەمان بە نیازن لە دانیشتنەکەدا، پڕۆژە یاسای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاکی عێراق بخنە بەرباس، بەڵام تائێستا کورد لەوبارەیەوە بڕیاری نەداوە کە هەڵوێستی چۆن دەبێت. ، دوای هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا لە عێراق و کوشتنی هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و چەند بەرپرسێکی دیکەی حەشد و پاسداران، لە بەغدای پایتەختی عێراق، زۆرێک لە لایەنە شیعییەکان هەڕەشەی دەرکردنی ئەمریکا دەکەن لە عێراق و هەر لەسەر ئەو ڕووداوەش، سبەینێ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدەدات. ، سنا محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "فەتح"ی سەر بە هادی عامری، بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" ئێمە دانیشتنی سبەی ناودەنێن دانیشتنی سەروەری و لە دانیشتنەدا دەبێت بڕیار لەسەر دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی لەلایەن پەرلەمانەوە بدرێت ". ، وتیشی:" ئەو هێزە بیانیانەی کە ئێستا لە عێراقن لە سەرەتای دەرکەوتنی داعشەوە تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک خزمەتیان بە گەلی عێراق نەکردووە، بۆیە دەبێت بڕۆنە دەرەوە". ، پەرلەمانتارەکەی فەتح، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو هێزانە بوونەتە هۆکاری لە ناوبردن و کوشتنی پاڵەوانەکانی شەری دژ بەداعش بۆیە هەموو سازانێک لەگەڵ ئەوهێزانە ڕەتدەکەینە و تەنها سازان ئەوەیە کە دەبێت بڕۆنە دەرەوە". ، سەبارەت بە تەواوبوونی "نیسابی" یاسایی بۆ دانیشتنەکەی سبەینێ، پەرلەمانتارەکەی فەتح ڕوونیکردەوە: "ئەگەر دانیشتنی سبەینێ شکستی هێنا یاخود لە بەرهەرهۆیەک دواخرا، ئەوا ئێمە وەک فراکسیۆنی فەتح کاردەکەین بۆ داخستنی پەرلەمان، هانی جەماوەریش دەدەین ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی هەر دانیشتنێکی دیکە". ، تائێستا فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق هیچ بڕیارێكیان نه‌داوه‌ له‌باره‌ی چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی ده‌ركردنی پرۆژه‌یاسایه‌ك له‌باره‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دادەنرێت و  تائێستاش یەکلایی نەبووەتە ئایا بەشداری دەکەن لە دانیشتنەکەی سبەنێدا یاخود نا. ، لەوباریەوە دیلان غەفور، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی  یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" تائێستا فراکسیۆنە کوردییەکان دوا بڕیاریان نەداوە لەوەی بەشداری دانیشتنەکەی سبەینێ دەکەن یاخود نا و لە هیچ بڕیارێک ئاگادار نەکراوینەتەوە". ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ داواكراوه‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان ده‌بێت به‌شداری دانیشتنەکە بكه‌ن،  ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاری به‌شداریكردن به‌زۆر نییه ‌و هه‌ر بڕیارێکیش بدرێت له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ ده‌درێت. ، هاوکات پەرلەمانتارێکی کوردی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە، دەرکردنی هێزی بیانی لەعێراقدا پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان نییە ئەو کارە بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق دێتە ئەنجام. ، سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژمارەی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر، ڕایگەیاند: "هەموومان دەمانەوێت هێزی بیانی لە خاکی عێراق بڕواتە دەرەوە، دەرکردنی ئەو هێزانەش پێویستی بە کۆبوونەوە و دەنگدانی پەرلەمانی نییە، بەڵکو ئەو کارە بە بڕیارێکی حکومەت دەبێت". ، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی 3ی کانونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت فەرماندەی پاسداران و حەشد لە بۆردومانێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا لە بەغدای پایتەختی عێراق کوژران.