گه‌ڕان

Shadow Shadow

شیعه‌كان داوای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.. كورد له‌گه‌ڵی نییه‌ [تایبه‌ت]

2020.01.02 - 12:50
شیعه‌كان داوای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.. كورد له‌گه‌ڵی نییه‌ [تایبه‌ت]
ناس كورد-   په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، هەتاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەک نەهاتووەتە پەرلەمانی عێراق كه‌ داوای ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان بكات له‌ عێراق. . هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند:"له‌لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌دا ژمارەیەکی زۆر ئەندامی فراکسیۆنە شیعەکانی تێدایە کە ئەوان بانگەشە بۆ دەرکردنی ئەمریکا دەکەن، بەڵام ئەو بابەتە تەنها لە میدیاکانەوە باس دەکەن و خۆشیان باوەڕی پێ ناکەن". . وتیشی :"لە دانیشتنی 30ی کانونی یەکەمی 2019 کە هەموان دەیانزانی نیسابی یاسایی تەواو نەبوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لەناو پەرلەماندا دروشمی "ئەمریکا بۆ دەرەوە"یان دەوتەوە، بەڵام ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەمووان دەزانن ئەمریکا و سوپاکەی پێویستییەکی زۆر گرنگن بۆ عێراق و ئەوان هەماهەنگیکار و یاریدەدەری عێراقن بۆ ڕێکخستنەوەی سوپاکەی و هەروەها یارمەتییەکی زۆری عێراقیان داوە لە شەڕی تیرۆردا و لە ئێستاشدا مانەوەیان گرنگە و ناشبێت ڕۆڵ و پێگەی ئەمریکا لەناوچەکە لەبەرچاو نەگرین". . کەمال ئاغا جه‌ختی كرده‌وه‌، ئەو داوایەی کە هەیە تەنها داوای بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکانە و کورد و سونە لەگەڵی نیە و شیعەکانیش لەم دۆخەی ئێستەدا وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەی قائیم داوای کردنە دەرەوەی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. .   ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2ی کانونی دووەمی 2020)، هاوپەیمانی بینا کە بەشێکە لە باڵی سیاسی حەشدی شەعبی و حزبوڵا‌ی عێراقی ڕایگەیاند :"عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بەڵێنی بە لایەنگرانی حەشی شەعبی داوە کە کار دەکەن بۆ کردنەوەی دەرەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق و بەو بەڵێنە لایەنگرانی حەشدی کشاندوەتەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئێمەش لە پەرلەمانەوە کار بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان دەکەین". . په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كورد روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێتو داواكارییه‌كی له‌و جۆره‌ بێته‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و كات دۆسیه‌ی كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بنكه‌ و باره‌گاكانی توركیاش له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان چه‌ندین جار داوایان كردووه و له‌و باره‌یه‌وه‌ نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌ هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق و هەرێم و پەرلەمانی عێراق. . هه‌رێم كه‌مال ئاغا رونیكرده‌وه‌، لە ئێستادا تورکیا ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپاکەی زیاد کردووه‌ و زیاتر لە 28 بارەگای گەورەیان هەیە لە هەولێر و دهۆک و موسڵ و باشیک و ژمارەی ئۆپراسیۆنەکانیشی زیاد کردوە. . گومانی ئه‌وه‌شی هه‌بوو كه‌ حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێککەوتنی کردبێت لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت بەرامبەر ئۆپراسیۆن و هێرش و پەلامارەکانی له‌ناو خاكی كوردستان و زیادکردنی ژمارەی بنکەکانی و بۆ  له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ "ماوەی پێنج مانگ دەبێت پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ راگه‌یه‌ندراوێكیان دەرنەکردوە لەسەر پێشێلکاری و بۆردمانە ئاشکراکانی تورکیا". . "لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا کە سوپاسالاری عێراق چووە تورکیا و لەگەڵ سوپاسالاری تورکیا کۆبوەوە رێککەوتنیان کردوە و بەبۆچونی من لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە عێراق بێدەنگ بێت بەرامبەر کوشتنی گوندنیشنانی کورد و بۆردومانی باخ و باخات و زەویوزاری هاووڵاتیان" هه‌رێم كه‌مال ئاغا وای وت. .