گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نه‌کەن

2020.01.02 - 09:59
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نه‌کەن
ناس کورد- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی کە بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی بونی مەترسی و هەڕەشەی تیرۆر و ڕفاندن و پێکدادانی سەربازی له‌و وڵاته‌. . ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2ی کانونی دووه‌می 2020)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوکرده‌وە و تیایدا داوای لە هاوڵاتیانی ئه‌مریكا كرد لە سەرانسەری جیهان کە بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن تاوەکو ئەو کاتەی ئاگاداری ئارامبونەوەی دۆخەکە بڵاو دەکەنەوە. . راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "لە ئێستادا باڵیۆزخانەکەمان لەشاری به‌غدا هێرشی کراوەتە سەر و گروپە میلیشیاکان بڵاوبونەتەوە بەناو شارەکاندا و مەترسی هەیە لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکی". . وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ :"ئەو میلیشیا بەکرێگیراوانەی ئێران هەڕەشەی ڕاستەقینەن لەسەر بەژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تەواوی عێراقدا و لە ئێستادا ئەو وڵاتە بۆ هیج لایەنێک سەلامەت نییە و ئەگەری ڕفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی هەیە لەلایەن ئەو گروپانەوە". . راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ شەوی ڕابردو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سه‌رجه‌می كاره‌كان له‌بواری پێدانی ڤیزا و چاوپێكه‌وتنی كار هه‌ڵپه‌سارد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد بۆ له‌مه‌ولا ئه‌و كارانه‌ له‌ کونسوڵخانەی ئه‌مریكا له‌ هەولێر له‌ هەرێمی کوردستان بەردەوام ده‌بێت. .