گه‌ڕان

Shadow Shadow

میدیاكانی فه‌ڕه‌نسا: توركیا بە فڕۆکە لە سوریاوە چەکداره‌كانی بۆ لیبیا ده‌گوازێته‌وه‌

2020.01.02 - 09:21
میدیاكانی فه‌ڕه‌نسا: توركیا بە فڕۆکە لە سوریاوە چەکداره‌كانی بۆ لیبیا ده‌گوازێته‌وه‌
ناس کورد – میدیایەکی فەڕەنسی ئاشکرایکرد، حکومەتی تورکیا لەڕێگای چەند فڕۆکەیەکەوە ژمارەیەکی زۆر چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوری بۆ شەڕکردن دژی حکومەتی لیبیا گواستۆتەوە بۆ تەڕابلوس. . ڕادیۆی RFIی فەڕەنسی لەڕاپۆرتێکدا بڵاوی كرده‌وه‌ :"توركیا ڕۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ی رابردو ئەو چەکدارانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریای بە چوار فڕۆكه‌ بۆ "ته‌رابلوس"ی پایته‌ختی لیبیا گواستۆتەوە کە لەژێر دەستی چەکدارانی حکومەتەکەی ویفاقی نیشتیمانیدایە و حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر دەیەوێت لەژێر دەستی ئەو چەکدارانەی دەربهێنێت". . ڕادیۆی نیشتمانی فەڕەنسی ئاماژەی بەوەکرد :"ئه‌و چه‌كدارانه‌ی سوریا کە له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی "معیتیقه‌"ی لیبیا دابه‌زێنراون و كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی لیبیا "ئەفریقا ئێرلاین" و كۆمپانیای "ئه‌جنیحه‌"ی تورکی كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی "عه‌بدولحه‌كیم بلحاج"ه‌و له‌ توركیا نیشته‌جێیه‌، ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ". .   هاوکات ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكی ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رایگه‌یاند :"تا ئێستا 500 چه‌كداری ئۆپۆزسیۆنی سوری گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ لیبیا". . راپۆرتی ئه‌و میدیایه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌كاتێكدایه‌ پێشتر خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند :"سوپای وڵاتەکەمان بە تەواوەتی خۆی ئامادەکردوە بۆ ئەوەی بچێتە لیبیا و هەر کارێکیش پێویست بێت لەو وڵاتە ئەنجام دەدات لەپێناو پاراستنی برا لیبییەکانمان و حکومەتەکەی ویفاقی نیشتیمانی". . ئەم بڕیارەی تورکیاش لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر و هاوپەیمانەکانی کە سعودیە و وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەتوندی دژی ئەو بڕیارەی توركیان. . حکومەتەکەی حەفتەر کە بەدەسەڵاتی شەرعی وڵاتەکە ناودەبرێت لە 4ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی کرد بە هێرشکردن بۆ سەر تەرابلوسی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای لیبیا کە لەژێر دەستی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیادایە بۆ ئەوەی چەکدارە توندڕەوەکانی حکومەتی ویفاق وەدەر بنێن، بەڵام تورکیا دەیەوێت پاڵپشتی چەکدارانی حکومەتی ویفاق بکات و دژی سوپای نیشتیمانی لیبیا شەڕ بکات. .