گه‌ڕان

Shadow Shadow

حەشدى شەعبى بۆ لایەنگرانى: لەبەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا بکشێنەوە و بڕۆن بەرەو جادرییە

2020.01.01 - 14:06
حەشدى شەعبى بۆ لایەنگرانى: لەبەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا بکشێنەوە و بڕۆن بەرەو جادرییە
ناس کورد-   حەشدى شەعبى داواى لە لایەنگرانى کرد، لەبەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا بکشێنەوە و بڕۆن بەرەو شوێنى پرسەى قوربانیانى هێرشەکەى ئەمریکا لە ناوچەى جادرییە. . دەستەى حەشدى شەعبى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حەشدى شەعبى داوا لەو کەسانە دەکات کە لەنزیک باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبوونەتەوە بکشێنەوە، وەک ڕێزگرتن لە بڕیارەکەى حکومەتى عێراق کە فەرمانیکردووە لەو بارەیەوە، چونکە پەیامى خۆپیشاندەران لەو بارەیەوە گەیشتووە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، حەشدى شەعبى پێزانینى هەیە بۆ هەڵوێستەکەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئاینى و ڕۆشنبیرییەکان کە دژى هێرشەکەى ئەمریکان بۆ سەر حەشدى شەعبى. . حەشدى شەعبى داواشى لە لایەنگرانى کردووە، بەشدارى بکەن ڕێوەڕەسمى ماتەمینى تایبەت بە قوربانیانى هێرشەکە، لەناوچەى جادرییەى بەغدا. . ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ناڕەزایی دەربڕین لەلایەن لایەنگرانى حەشدى شەعبییەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دەستیپێکردەوە و گرژى لێکەوتەوە. . بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەردەکەوێت کە بەشێک لەو کەسانەى لەو شوێنە کۆبوونەتەوە دەچنە سەر بینایەکى بەرزى باڵیۆزخانەکە، بە گازى فرمێسکڕێژیش هەوڵى بڵاوەپێکردنیان دەدرێت. . ئەمەش دواى ئەوەدێت دوێنێ ژمارەیەک خۆپیشاندەر و لایەنگرى حەشدى شەعبى لەبەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوە و ئاگریان لە دوو دەروازەى باڵیۆزخانەکە بەردا، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا. . ئەمریکا ئێرانى تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانى هێرشەکە، بەڵام ئێران ڕەتیکردەوە ئەو ڕووداوە پەیوەندى بەو ڵاتەکەیەوە هەبووبێت.