گه‌ڕان

Shadow Shadow

کارڵۆس غوسن چۆن لە پۆلیس و تەکنەلۆجیای ژاپۆنەوە بەرەو لوبنان هەڵهات؟

2020.01.01 - 13:51
کارڵۆس غوسن چۆن لە پۆلیس و تەکنەلۆجیای ژاپۆنەوە بەرەو لوبنان هەڵهات؟
ناس کورد- هەڵهاتنى کارڵۆس غوسن، سەرۆکى پێشووى کۆمپانیا هاوبەشەکانى ڕینۆ و میسبۆشى و نیسان لەکاتێکدا کە لە ژێر مانەوەى ناچاریدا بوو لە ژاپۆن، گومانى زۆرى دروستکردووە بەتایبەت کە هەر سێ پاسپۆرتەکەشى لێسەنرابوو. . چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کارڵۆس غوسن لە ژاپۆنەوە بەرەو لوبنان هەڵهات، ئەوەش لە کاتێکدا بە تۆمەتى تێوەگلان بە گەندەڵى لەژێر مانەوەى ناچارى سەختى یاساییدا بوو، تەنانەت ڕێگە نەدەدرا هاوسەرەکەشى بیبێنیت. . حکومەتی لوبنانیش دەڵێت کە سەردانەکەى یاساییە و پەرلەمانتارانى ژاپۆنیش حزبى دەسەڵاتدار بەتێوەگلان لەو کارە تۆمەتبار دەکەن. . سەرۆکى پێشووى هەماهەنگى کۆمپانیاکانى ئۆتۆمبیل لە ژاپۆن بە کۆمەڵیک تۆمەت لەوانە تێوەگلان بە گەندەڵى دارایى و کارگێڕى لە ساڵى 2018دا دەستگیرا کرا، دواتر بە کەفالەتى نزیکەى پێنج ملیۆن دۆلار و بە مەرجى قورس ئازاد کرا و خرایە ژێر مانەوەى ناچاریەوە و بڕیار بوو مانگى نیسانى ئەمساڵ لەسەر ئەو کەیسانە  لە ژاپۆن دادگایى بکرێت. . ئەمیندارێتى گشتى ئاسایشى لوبنان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵیت، "چەند ڕۆژێکە خوێندنەوەى زۆر بۆ هاتنى هاوڵاتى لوبنانى کارلۆس غوسن بۆ بەیروت دەکرێت، دەزگاکەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ناوبراو بە شێوازێکى یاسایى هاتووە و هیچ لێپێچینەوەیەکى یاسایش نایگرێتەوە". کارلۆسى تەمەن 65 ساڵ لە دایک و باوکێکى لوبنانى و لە بەرازیل لەدایک بووە و لە بەیروت گەورە بووە، پێش ئەوەى بچێتە فەڕەنسا بۆ تەواوکردنى خوێندن، کارلۆس خاوەنى هەردوو ڕەگەزنامەى بەرازیلى و لوبنانی بووە. . وەزارەتى دەرەوەى لوبنان ڕاشیگەیاندووە کە پێشتر کارڵۆس سەرۆکى هەماهەنگى هاوبەشى کۆمپانیاکانى ڕینۆ، نیسان میستۆبۆشى بووە و بەشێوەیەکى یاسایى داخڵى لوبنان بووە و چۆنیەتى دەرچوونى لە ژاپۆن و هاتنى بەرەوە بەیروت بەلاى ئەوانەوە ناڕونە و ئەوەش کارێکى تایبەتە بەخۆیەوە. . باسى لەوەش کردووە، ماوەی ساڵێکە دەسەڵاتدارانى لوبنان داوایان لە حکومەتى ژاپۆن کردووە کارڵۆس بۆ لوبنان بگەڕێنرێتەوە و ئەو دۆسییەش لەلایەن یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى یابانەوە ڕادەستى لوبنان کراوە لەمیانى سەردانەکەیدا  بۆ لوبنان کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەنجامیدا. . تا ئێستا ئەوە بەتەواوى ڕوون نەبووەتەوە کە کارلۆس چۆن یابانى جێهێشتووە، لەکاتێکدا ماڵەکەى لەژێر چاودێرى کامێرادا بووە، هەروەها بەکارهێنانى مۆبایل و کۆمپیوتەرى لێ سنوردارکرابوو، سەربارى ئەوەى ناچار بوو پاسپۆرتەکانى ڕادەستى پارێزەرەکەى بکات، پێویستیش بوو مۆڵەت لە دادگا وەربگرێت ئەگەر بیویستیایە بۆ ماوەى زیاتر لە دوو شەو ماڵەکەى جێبهێڵێت. . سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتى لوبنان بە میدیا فەرەنسیەکانى ووتوە، کارڵۆس بە فرۆکەیەک لە تورکیاوە و بە پاسپۆرتى فەڕەنسى و ڕەگەزنامەى لوبنانیەوە گەیشتووەتە لوبنان، بەپێى یاساکانى لوبنانیش هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە بەمەستى دادگایکردن ڕادەستى هیچ وڵاتێکى بیانی ناکرێت. . لاى خۆشیەوە وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختى لەوە کردووەتەوە، ئەوان هیچ ئاگادارى ڕاکردنى کارڵۆس بەرەو لوبنان نین لەکاتێکدا ئەو دۆسیەى یاسایی لە ژاپۆن هەیە و لەژێر مانەوەى ناچاریشدایە و سودى لە پاسپۆرتى فەڕەنسیش وەرگرتووە و باڵیۆزخانەى فەڕەنساش لە ژاپۆن چاودێرى کەیسەکەى کردووە. . لەسەر ڕوداوەکەش، کارڵۆس غوسن لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵیت، ئێستا لە لوبنانى نیشتیمانى دایکدایە و سەرکەوتووبووە لە جێهشتنى ژاپۆن و دەرچوون لەژێر مانەوەى ناچاریدا و ئەو لەدەستى یاسا و دادپەروەرى ڕاینەکردووە بەڵکو لەدەست جەور و ستەم هەڵهاتووە. . لەدواى هەشت مانگ قەدەغەکردن، مانگێک پێش ئێستا ڕێگەى پێدرا کارڵۆس تەنها لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە پەیوەندى بە هاوسەرەکەیەوە بکات و دۆخى خۆى بۆ باس بکات. . دەزگاى کۆچ و گەشتى ئەو وڵاتە ئەوەى ڕاگەیاندووە کە سەردانەکەى تۆمار نەکراوە و هیچ بەڵگەیەکیشى بۆ ئەو ڕوداوە لەبەردەستدا نییە. . پارێزەرەکانى کارڵۆس زانیارى ئەوەیانداوە بە دەزگا یاساییەکانى ژاپۆن کە بۆ ڕێزگرتن لە بنەما یاساییەکان سەرجەم پاسپۆرتەکانى کارڵۆسیان لەلاى خۆیان گلداوەتەوە. . ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى ئەو وڵاتەش لەسەر ئەو ڕوداوە، حزبى دەسەڵاتدار تۆمەتبار دەکەن و پیێانوایە کارڵۆس ئاسانکارى بۆ کراوە بۆ ئەوەى بەدەر لە یاسا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت.