گه‌ڕان

Shadow Shadow

بەغدا بە تامی تاران..هەڵەکە دووبارە دەکاتەوە؟

2019.12.31 - 13:49
بەغدا بە تامی تاران..هەڵەکە دووبارە دەکاتەوە؟
بیروڕا-هەردی مەهدی میکە ئەو هەڵەیەی چل ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەگەنجێکی توندئاژۆ و بە گڵۆپی سەوزی ڕووحووڵا خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کردیان و ئێرانی گیرۆدە کرد و بۆ دوواوە گێڕایەوە، وا شیعە توندئاژۆکانی عێراقیش لە بەغدا دووبارەی دەکەنەوە. . لە 4/11/1979 لە تاران، گەنجانی پێڕەوی ئیمام "بە وتەی خۆیان"، بە درووشمی " #مرگ_بر_امریکا " هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و 66دیپلۆماتکار و کارمەندیان بە بارمتە گرت و تا هەنووکە بوویە هۆکارێکی سەرەکی قەیرانی دبلۆماسییەتی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و جیهان و تا ئێستاش ئەوسەری دیار نییە. . سەیر لەوەدایە هەندێک لەوانەی پەلاماری باڵیۆزخانەکەیان دا، ئێستا ئەوان پەشیمانن و هەندێکیشیان مناڵەکانیان لە ئەمریکان و ژیانی خۆشی ئەوێ ناگۆڕنەوە بە گوزەرانکردن لە ئێران. . لەناو ڕای گشتیی گەلی ئێراندا زۆرینەی هەژاری، دوواکەوتوویی و پەراوێزیی سیاسیی ئێران بۆ ئەم ڕووداوە دوور لە ئەتەکێتە دبلۆماسییە دەگێڕنەوە. . وا ئێستاش لایەنگرانی حزبوڵای شیعەمەزهەب و شاگردانی هەمان قوتابخانەی ئیسلامگەرایی، گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان داوە و ئاڵای ئەمریکایان سوتاند و هەڕەشە لە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش لەناوچەکەدا دەکەن. . گەر ئەم ڕووداوە پەرەپسەنێت، عێراق دەچێتە ناو خاڵی نەگەڕانەوە (لاعودە) و دوورنییە تا شەڕی ناوخۆی عێراق و هەڵوەشانەوە درێژە بکێشێت. عێراق وەک ئێران نابێت و گیرۆدەتر دەبێت، چونکە؛ . یەکەم: وەک ئەوکاتی ئێران ڕێبەرێکی کۆکەرەوەی نیە. . دووەم: گوتارێکی یەکگرتوو و ئایدۆلۆژیایەکی یەکپارچەی عێراقی و ئینتمایەکی گشتگیر بووڹ نییە، تا جەماوەری سێ پێکهاتەکەی عێراق کۆبکاتەوە. . سێیەم: هێزی لایەنگری ئەمریکا لە ناوخۆ و وڵاتانی ناوچەکەدا کەم نین. . چوارەم: پێکهاتەکانی تری وەک کورد و عەرەبی سوننە بەدوای هەلدا دەگەڕێن، کورد(کۆمەڵگەی کوردستان لانیکەم) بۆ هەڵوەشاندنەوەی عێراق دەگەڕێت وبیانووی پێکەوەنەژیان بەهێزتر دەبێت، سوننەش بۆ تۆڵەکرنەوە و ڕەتکردنەوەی هەژموونی ئێران، ڕۆڵی خۆی دەبێت. . کورد مامەڵەی وردی پێویستە و پێویست ناکات لە "پاپا کاسۆلیکتر" و لە فەیسەڵ عێراقی تر بێت، کە ئەوان خۆیان نازانن بەڕێوەی بەرن و فەیسەڵی یەکەمیش باوەڕی بە شتێک نەبوو ناوی عێراق بێت، پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لە هەل و هەڕەشەکانی ئەم ڕووداوە. . تەنانەت گەر باڵێۆزخانەکەش نەگیرێت، پەیامی شیعە و نییەتی نەگۆڕی چل ساڵ لەمەوپێشیان تەجەللابوویەوە و بێ شک ئەمریکا بە حساباتی خۆیدا بۆ بەغدا و شیعە، دەچێتەوە.