گه‌ڕان

Shadow Shadow

هۆتێل و یانە شەوانەکانی کوردستان خۆیان بۆ شه‌وی سه‌ری ساڵ ئاماده ‌ده‌كه‌ن

نرخی بلیتی ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ لەنێوان 40 دۆلار تا 1000 دۆلارە

2019.12.29 - 23:06
نرخی بلیتی ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ لەنێوان 40 دۆلار تا 1000 دۆلارە
ناس کورد – تایبەت به‌شێك له‌ گۆرانی بێژانی كورد و بیانی له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵدا له‌نێو هۆتێل و رێستورانت و كافێ و یانه‌ شه‌وانییه‌كان ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا رێكده‌خه‌ن و به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی ناس كورد نرخی به‌شداریكردن له‌و شه‌وه‌ ئاهه‌نگانه‌دا بۆ هه‌ر كه‌سێك له‌ 40 دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات هه‌تا 1000 دۆلار و گۆرانی بێژ هه‌یه‌ له‌و شه‌وه‌دا له‌ شه‌ش شوێنی جیا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت. . بۆ ڕازاندنەوەی ئاهەنگەکان و ڕاکێشانی خەڵکیش بۆ ئاهەنگەکان زۆرینەی هۆتێل و ڕێستۆڕانت و کافتریا و یانە شەوانەکان ژمارەیەک گۆرانیبێژ یان سەماکاریان بانگ کردوە و نرخی بەشداریکردنیش لە ئاهەنگەکاندا پارەیەکی زۆرە. . بەگوێره‌ی بەدواداچونێکی ناس کورد، لە زۆرینەی هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆک گۆرانی بێژی عەرەب و تورک و فارس و کورد، لەگەڵ باندی میوزیکی بیانی بەشدارن، جگە لەوەش لە زۆرینەی هۆتێل و باڕ و یانە شەوانەکانیشدا سەماکاری عەرەب و فارس ئاماده‌كراون بۆ ڕاکێشانی گەنجان. . نرخی بەشداریکردن: . لە هەر هۆتێل و جێ ئاهه‌نگێک نرخی بەشداریکردن جیاوازە و ناس کورد لە بەدواداچونێکدا نرخەکان بەشێوەیەکی گشتی ئاشکرا دەکات. . لە هۆتێلی تایتانیک له‌شاری سلێمانی کە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیە و لە چوار هۆڵی جیاواز چوار ئاهەنگ بەڕێوەدەچن و پانزە گۆرانی بێژی کوردی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگ ساز دەکەن و نرخی بلیتەکانیش لە 100 دۆلارەوە بۆ 180 دۆلار دەستپێدەکات و بۆ منداڵی خوار 12 ساڵیش 40 دۆلارە. . لە شاری هەولێر لە هۆتێلی دیڤان کەهۆتێلێکی پێنج ئەستێرەییە دوو گۆرانی بێژی کورد و دوو گۆرانی بێژی عەرەب بەشدار دەبن و نرخی بلیتیش سەرو 150 دۆلارە و بۆ منداڵی خوار 12 ساڵیش 75 دۆلارە هەروەها نرخی ئەو شەوە بۆ مانەوە 299 دۆلارە. . لە هۆتێلی ڕیکسۆسی دهۆکیش سێ گۆرانی بێژی کرمانجی بەشدارن و نرخی بلیت له‌ 70 دۆلارەوە بۆ 150 دۆلار دەست پێدەکات. . عەلی جاف بەڕێوبەری مارکێتینگ لە هۆتێل ئەربیل ڕۆتانا بە ناس کوردی وت: "ئێمە بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ کوڕە گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی محەممەد سالمان بانگ کردوە و و چەند باندێکی میوزیسیان و سەماکاری تورک و عەرەبی لوبنانی بەشدارن و نرخی بلیتیش لە 200 دۆلارەوە بۆ 1000 دۆلار دەستپێدەکات زۆرینەی بیلەتەکانیشمان فرۆشراون". . هاوكات هێرۆ حەسەن بەڕێوبەری بەبازاڕکردنی هۆتیلەکانی شاری جوان لە سلێمانی بۆ ناس کوردی روونكرده‌وه‌ :"ئێمە لەو شەوه‌دا چوار ئاهەنگی جیاواز لە چوار هۆڵی جیاوازی هۆتیلەکەمان بەڕێوە دەبەین نرخی بلیتەکان لە 100 دۆلارەوە بۆ 150 دۆلارە و لەهۆڵەکانی دیکەش بەهەمان شێوە". . هێرۆ حەسەن باسی لەوەکرد: " بۆ بانگهێشتکردنی گۆرانی بێژه‌كان سەیری ئەوە دەکەین کە ئەو کەسانەی حەز دەکەن بەشدار بن لە ئاهەنگەکان حەزیان لە چ گۆرانیبێژێکە و ئەو گۆرانیبێژەش بە چ بڕە پارەیەک دێت بەو شێوەیە نرخەکە دیاری دەکەین و هونەرمەندەکان هەڵدەبژێرێت". . ناس کورد لە بەدواداچونەکانیدا ئەوەشی بۆ دەرکەوت کە بەشێک لە گۆرانی بێژانه‌ لە شەوی سەری ساڵدا لە زیاتر لە جێگایەک ئاهەنگ دەکەن و تەنانەت تیایدایه‌ تەنها لە شەوی سەری ساڵدا لە شەش هۆڵ لەناو شاری سلێمانیدا ئاهەنگ دەگێڕێت، هەروەها گۆرانی بێژ هەیە هه‌ر لەو شەوه‌دا لە ئاهەنگێک لە شاری سلێمانی و لە ئاهەنگێکی دیکە لە شاری هەولێر بەشداری دەکات. .