گه‌ڕان

Shadow Shadow

موقتەدا سەدر تەداخولی کردووە

بەهۆی ئەوەى لە فەیسبوک ڕەخنەى لە بارزانی گرتبوو، لە نەجەف گەنجێک دەستگیرکرا (تایبەت)

2019.12.28 - 16:01
بەهۆی ئەوەى لە فەیسبوک ڕەخنەى لە بارزانی گرتبوو، لە نەجەف گەنجێک دەستگیرکرا (تایبەت)
ناس کورد- بەهۆى بڵاوکردنەوەى پۆستێکى لەسەر مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان، گەنجێک لە فڕۆکەخانەى نەجەف دەستگیرکرا و ڕوداوەکەش کاردانەوەى خەڵکى شارەکەی بەدواى خۆیدا هێنا. . حەسەن عەباس علێوى کە گەنجێکى دانیشتووى شارى دیوانیەیە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا ویستی لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نەجەفەوە گەشتێک بکات، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و لیکۆڵینەوەى لەگەڵدا کرا، کە پرسیار دەکات هۆکارەکەى چییە، ئەوانیش پێی دەڵێن لەلایەن سەرکردەى حزبێکى کوردییەوە لە هەرێمی کوردستان سکاڵاى لەدژى تۆمارکراوە و پێدەچێت بۆ دادگایی کردنەکەشى بەرەو هەرێمى کوردستان ڕەوانەى بکەن. . حەسەن عەباس چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک چەند ڕەخنەیەکى ئاڕاستەى مەسعود بارزانى کردووە، بۆیە سکاڵاى یاساى لەدژى تۆمار کراوە. . بەپێى شارەزایانى یاسایی، دەتوانرێت ئەو کەیسە بۆ دادگاکانى هەرێمى کوردستان بگوازرێتەوە بەوپێیەى سکاڵاکەر دانیشتووى هەرێم نییە، یاخود بۆ دادگاى فیدراڵی بگوازرێتەوە یاخود بەکەفالەت ئازادبکرێت. . تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لەلایەن سەرکردەیەکی کوردەوە لەدژی ئەو گەنجە لێکدانەوە و شیکردنەوەى سەیر و سەمەرەى لەنێو خەڵکى ناڕازى نەجەفدا بەدواى خۆێدا هێناوە. . شەوى ڕابردووش دەیان خۆپیشاندەر چونە بەردەم بنکەى پۆلیسى موسلیم عەقیل لە شارەکە و داوایان کردووە ئەو گەنجە ئازاد بکرێت یاخود بۆ شوێنێکى تر بگوازرێتەوە تا ئەو کاتەى کاروبارە یاساییەکانى کەیسەکەى کۆتایى دێت. . سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "تائێستا حەسەن عەباس دەستبەسەرە لە فڕۆکەخانەى نەجەف و چەند کەسایەتییەک کەوتوونەتە نێوانەوە بۆ ئەوەى کێشەکەى چارەسەر بکرێت و بۆ هەرێم نەگوازرێتەوە". . سەرچاوەکەى ناس کورد ئەوەشى ئاشکراکرد کە "موقتەدا سەدرى ڕابەڕى ڕەوتى سەدر دەستوەردانى لەو پرسەدا کردووە و دڵنیایى ئەوەشى وەرگرتووە کە کەیسى ئەو گەنجە بۆ هەرێم نەگوازرێتەوە و لە چوارچێوەى دادگاکانى فیدراڵدا بەپێى یاسا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت." . ناس کورد ئەوەشى زانیوە کە "لە ناو خانەوادەى حەسەنەوە نیگەرانیەک لەسەر چارەنوسى کورە دەستگیرکراوەکەیان هەیە و داواشیان کردووە ئەو کەیسەى بۆ هەرێم نەگوازرێتەوە". . چالاکانى نەجەف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە،  دەسەڵاتدارانی بەغدا نوسراویان بۆ نوسینگەى پەیوەندییەکانى هەرێم ڕەوانە کردووە و داواکارى خانەوادەکەیان گەیاندووەتە ئەو نوێنەرایەتییە بۆ ئەوەى سازش لەسەر ئەو داوایە بکرێت. . چالاکانى شارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە کە "ڕوداوەکە کاردانەوەى نەرێنى هەبووە لەسەر خەڵکى و گومان لەسەر سروشتى پەیوەندیە یاساییەکانى نێوان هەرێم وبەغدا دەکرێت کە چۆن چەندین داواکراو هەن کە لە هەرێمن و ڕادەستى دادگاکانى فیدڕاڵ ناکرێن." . هاوکات چالاکانى نەجەف داواى ڕێکخستنى خۆپیشاندانێک دەکەن بۆ ئیدانەکردنى ئەوەى بەسەر حەسەندا هاتووە.