گه‌ڕان

Shadow Shadow

چاوەڕوانى کاتژمێرى سفر بن بۆ بەکارهێنانیان

تەکتیکى نوێی ئێران بۆ حەشاردانى موشەکەکانى لە عێراق

2019.12.27 - 23:18
تەکتیکى نوێی ئێران بۆ  حەشاردانى موشەکەکانى لە عێراق
ناس کورد-   پێگەیەکى ئەمریکى بڵاویکردەوە، ئێران بۆ شاردنەوەی موشەکە بالیستییەکانی لە عێراق تاکتیکی نوێ بەکاردەهێنێت، میلیشیاکانیشى ئاگادارکردووەتەوە کە چاوەڕوانى کاتژمێرى سفر بکەن بۆ بەکارهێنانیان. . ئەمڕۆ هەینی، پێگەی "حوڕە"ی ئەمریکی، کە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردەوە "ئێران فەرمانی بە میلیشیا لایەنگرەکانی خۆی لە عێراق کردووە ئەو موشەکانی کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە پێیاندراوە لە ناو گەڕەکەکانی شاری بەغدا حەشارى بدەن". . سەرچاوە ئەمنییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەکردووە، "یاریدەدرێکی قاسم سلێمانی فەرماندەی گشتی سوپای قودس، فەرمانیکردووە بە میلیشایاکانی حیزبوڵا لە عێراق هەموو عەمبارەکانیان لە موشەکە بالیستییە کورتمەوداکان کە پێشتر لە ئێران وەریانگرتووە خاڵی بکەنەوە". . باسى لەوەشکردووە، فەرمانەکەی یاریدەدەری سوپای قودس، هەموو ئەو عەمبارانەشی گرتووەتەوە کە سەر بە میلیشای حیزبوڵان و دەکەونە ناوچەکانی "جورف سەخر و گەڕەکی بەلە دیات" لە شاری بەغدا. . بەگوێرەی پێگەی حوڕە، بۆ پەیڕەوکردنی ئەو پلانە، ئێستا موشەکەکان ڕۆژانە  لەڕێگەی 70 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە  بە ناو گەڕەکەکانی شاری بەغدا گوزەریان پێدەکرێت، هەندێ جاریش بۆماوەی سێ ڕۆژ لە یەکێک لە گەڕەکەکان دەهێڵرێنەوە لەدوایشدا دەجوڵێنرێن بۆ گەڕەکێکی دیکە، ئەوەش بۆئەوەی وابە خەڵک نیشانبدەن کە ئەو بارهەڵگرانە کەرەستەی بیناسازیی و کاڵای بازرگانی جۆراوجۆریان تێدایە. . ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زانیاری هەواڵگری تەواوی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، ئێران داوای لە میلیشیاکانی حیزبوڵا کردووە کە دەبێت بە ئەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو موشەکاندا بکەن و چاوەڕوانى کاتژمێرى سفر بن بۆ بەکارهێنانی موشەکەکان دژ بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق. . ئەوە لەکاتێکدایە، لەچەند هەفتەى ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا، ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە هێرشەکانی ئەمدواییەى سەر بنکەکانیان لە عێراق لەلایەن گروپەکانی سەر بەو وڵاتە و بەموشەکى ئێرانى ئەنجامدراوە. . بەوتەى ئەو بەرپرسانە، ئەو موشەکانەى لە هێرشەکانى ئەمدواییەدا بەکارهێنراون، پێشکەوتووتر بوون لەو موشەکانەى پێشتر بەکارهێنراون، بەجۆرێک موشەکەکانى ئەمجارە موشەکی 122 ملم بوون، ئەوەش لەکاتێکدا کە لەهێرشەکانی پێشوتری ئەو گروپانەدا موشەکی 107 ملم بەکارهاتووە، موشەکە نوێیەکان ڕێژەی باروت و تەقینەوەکانیان زیاترە لە موشەکە کۆنەکان و مەودایەکی زیاتر دەبڕن.