گه‌ڕان

Shadow Shadow

داوایەک ئاڕاستەى لایەنەکان دەکات

یەکێتى ڕاگەیەنراوێکى لەسەر هەڕەشەى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە

2019.12.27 - 17:57
یەکێتى ڕاگەیەنراوێکى لەسەر هەڕەشەى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە
ناس کورد-   فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق داوا لەلایەنەکان دەکات لە هەڵوێستەکەى سەرۆککۆمار تێبگەن و هاریکارى بکەن بۆ ئەوەى بریارێکى دروست بدات بۆ ڕاسپاردنى کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران، نەک فشارى بخەنەسەر. . دوێنێ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق ڕاسپاردنى ئەسعەد عیدانى بەربژێرى هاوپەیمانى بنیادنانى بۆ سەرۆک وەزیران ڕەتکردەوە و ئامادەیی خۆى بۆ دەستلەکارکێشانەوە نیشاندا ئەگەر بڕیارەکەى "نادەستوریى" بێت. . فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئێستا عێراق لەبەردەم قەیرانێکى خنکێنەردایە و دوو بژاردەمان لەبەردەمدایە، یان ڕزگارکردنى وڵات و گەیاندنى بە کەنارى ئارام، یان بردنى بەرەو هەڵدێر". . باسى لەوەشکردووە، ناکۆکى کوتلە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنى فراکسیۆنى گەورە و شیکردنەوە جیاجیاکان و نەبوونى رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک کە جێی ڕەزامەندى شەقام و هێزە سیاسییەکان بێت، گۆڕەپانى سیاسی ئاڵۆز کردووە و ئەوەش بڕیاردانى لەلاى سەرۆککۆمار قورس کردووە بۆ دیاریکردنى کەسایەتییەک بۆ سەرۆکوەزیران. . داواشى لە کوتلە سیاسییەکان کردووە لەو هەڵوێستەى سەرۆککۆمار تێبگەن کە ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوە نیشانداوە و سیاسەتى هاریکاریکردن لەگەڵى پەیڕەو بکەن، نەک سیاسەتى فشار دروستکردن، ئەوەش بۆ گەیشتن بە بڕیارێکى دروست و دیاریکردنى کەسێکى گونجاو بۆ ئەم قۆناغە کە لەرووى جەماوەریی و سیاسییەوە قبوڵکراو بێت. . فراکسیۆنى یەکێتى جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستى درککردن بە مەترسی دۆخەکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە و پشتبەستن بە عەقڵ و لۆژیک بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە.