گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕوانگەی سوری: چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن چەکەکانیان ڕادەستی هەسەدە دەکەن

2019.12.27 - 15:38
ڕوانگەی سوری: چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن چەکەکانیان ڕادەستی هەسەدە دەکەن
ناس کورد- ڕوانگەى سوری دەڵێت، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای هاوپەیمانی تورکیا لە گرێ سپی چەکەکانیانی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە دەکەن بۆئەوەى ڕێگەیان پێبدرێت بەرەو ئیدلیب بچن. . ئەمڕۆ، هەینی 27ی کانونی یەکەمی 2019، ڕوانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە: "ئەو چه‌كدارانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە تورکیا هاوکاریان دەکات لە ئێستادا شارەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی جێگیربوون بەشێکی زۆریان خۆیان ڕادەستی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردوە". . ڕوانگەی سوری ئاماژەی بەوەکردوە: "ئەو چەکدارانە ده‌یانه‌وێت له‌ گرێ سپی هه‌ڵبێن و شەڕڤانان ڕێگایان بۆ بکەنەوە بۆ شه‌ڕكردن دژی ڕژێمی سوریا بچنه‌ ئیدلب، بۆیه‌ داوای ڕێگه‌پێدانیان له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كردووه‌". . ڕوانگه‌ی سوری وتوشیەتی: "ئەو چەکدارانە دەیانەوێت دەربازی منبج بن و لەوێشەوە بچنە جەرابلس پاشان خۆیان بگەیەننە ئیدلب بۆ بەشداریکردن لەو شەڕەی کە سوپای سوریا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو پارێزگایە دەستی پێکردوە کە تاکە ناوچەیە بەدەست هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد و ئۆپزسیۆنی چەکداری سورییەوە ماوە". . ڕوانگەکە باسی لەوەشکردوە: "په‌یتا په‌یتا چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەچنە ناوچەکانی ژێردەستی شەڕڤانان و سەرجەم چەکە قورسەکانی خۆیان دەدەنە هەسەدە بەس بۆ ئەوەی ڕیگەیان پێبدەن بچنە ئیدلب و بچنه‌ به‌ره‌كانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ئییدلب و خەڵکی خۆیان و ئەو حکومەتەی دروست بوە لەو پارێزگایە بیپارێزن". . بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، هەسەدە به‌ هه‌ڵاتنی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا له‌ گرێ سپی ڕازیبووه‌، به‌ڵام ڕوسیا به‌ توندی دژی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ بچنه‌ ئیدلب. . تا ئێستاش بەفەرمی هەسەدە نە هەواڵەکەی پشتراستکردووەتەوە نە ڕەتی کردووەتەوە. . ئەمەش لەکاتیکدایە کە نزیکەی دوو هەفتەیە سوپای سوریا و ڕوسیا بە توندی شەڕی ئیدلبیان دەستپێکردوە و بۆردومانی ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا و سوپای سوریای ئازاد دەکەن و تەنها لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا سوپای حکومەتی سوریا، 40 گوندی کۆنتڕۆڵکردەوە. . هەروەها بەپێی نوێترین ئاماریش بەهۆی هێرشی سوپای حکومەتی سوریا و هێزەکانى ڕوسیا، 40 هەزار کەس ئاوارە بوون.