گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئەندامێکی کۆنگرەى یەکێتی باس لە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار دەکات بۆ کڕینی ئەندامان

2019.12.27 - 15:04
ئەندامێکی کۆنگرەى یەکێتی باس  لە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار دەکات بۆ کڕینی ئەندامان
ناس کورد- یەکێک لە بەربژێرە دەرنەچووەکان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆنگرەى چوارەمی ئەو حزبەدا چەند بەرپرسێکی ناو یەکێتی بە "خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کڕینی دەنگ و ویژدانی ئەندامان" تۆمەتبار دەکات. . نیاز سەعید عەلی، یەکێک لەو کاندیدانەی یەکێتی کە خۆی بەبژێرکردبوو بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیدا دوای ئەوە کە نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەڕیی فەیسبوکەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و چەند بەرپرسێکی حزبەکەى تۆمەتبارکردووە بە هۆکاری دەرنەچوونی. . نیاز سەعید کە بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی قەڵاچوالانی یەکێتییە لەو نوسینەیەدا ڕایگەیاندوە: "ژمارەیەک پاڵێوراوی نەناسراوی دەرەوەی ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانی یەکێتی دەنگی یەکەمینەکانیان بەدەستهێنا، هاوکات زۆر پاڵێوراویش بە منیشەوە بووینە قوربانی سازانێکی تۆکمەیی و ململانێیەکی شاراوەی تازەی ناو (یەکێتیی)!! ، ئەمە سەرەڕای تێبینیی لەسەر شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکان و چاودێرەکان". . نیاز سەعید وتویەتی: "کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لەناو گێژاوی ململانێیەکی قورس و ئاڵۆز و ژمارەیەکی بێشومار پاڵێوراو بەڕێوەچوو، هەروەها دەیان نانخواردن و دەعوەتی گەورە بە پارەی یەکێتی لەلایەن پاڵێوراوە پارەدارەکانی یەکێتییەوە لە ڕێستۆرانتە پێنج ئەستێرەییەکان ئەنجامدراوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بۆ خۆیان". . ئەو بەربژێرە دەرنەچووەی یەکێتی باسی لەوەکردوە: "چەند کەسێک چەندین ملیۆن دۆلاریان لەپێناوی کڕینی ویژدانی بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە خەرجکردووە بەتایبەتی لەلایەن ئەو پاڵێوراوانەی کە ڕۆژێک لەڕۆژان لە هیچ ئۆرگانێکی یەکێتییدا کاریان نەکردووە و زۆریش نەناسراو بوون". . پێشتریش، بەرزانی ئەحمەد کوردە کە بەربژێرێکی دەرنەچووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی بە ناس کورد وت: "لە کۆنگرەدا دەنگێکی زۆرم هێناوە بەڵام غەدرم لێکراوە و ناویان بەهەڵە نوسیوم بۆیە سکاڵام کردوە چاوەڕێی لیژنەی باڵای دادوەری کۆنگرە دەکەم بۆ ئەوەی دوا بڕیار بدات، هاوکات جگە لە بەرزانی ئەحمەد کوردەش ژمارەیەکی دیکە لە بەربژێرە دەرنەچووەکانی دیکەی یەکێتی سکاڵایان کردوە و نیگەرانن لە دەرنەچونیان.