گه‌ڕان

Shadow Shadow

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت: بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هەڕەشە لە بەرهەم ساڵح کراوە

2019.12.27 - 13:01
ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت: بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هەڕەشە لە بەرهەم ساڵح کراوە
ناس کورد- ڕێک دوای ڕەتکردنەوەى بەربژێرەکەى "فراکسیۆنى گەورە" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و گەیشتە سلێمانی، ڕۆژنامەى ئیندیپێندنتی بەریتانیش دەڵێت، "بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هەڕەشە لە بەرهەم ساڵح کراوە". . ڕۆژنامەى ئیندیپێندنتی بەریتانی دەڵێت، "لای زۆرێک، بەرهەم ساڵح پلانی ئێرانی بۆ دانانی سەرۆکوەزیرانی نزیک لە خۆی شکستپێهێناوە کاتێک ڕەتیکردەوە ئەسعەد عیدانی ڕابسپێرێت بۆ پۆستەکە کە دەوترێت یەکێکە لە پیاوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران." . ئەمڕۆ هەینی، 27ی کانونی یەکەمی 2019، ڕۆژنامەکە لەزاری "سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە" دەڵێت، لەدوای بڕیارەکەى بەرهەم ساڵح "کەتیبەکانى حزبوڵای عێراقی کە باڵێکی سوپای پاسدارانی ئێرانە لە عێراق فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی ناردووەتە ئاسمانی کۆشکی سەلام کە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمارە" و جەختیکردووەتەوە کە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بۆمب و چەکی پێبووە." . ئەو سەرچاوە وتیشی، "کەتائیبی حزبوڵا بنکەیەکی لە نزیک کۆشکی سەلام هەیە و پێشتریش چەندین فەرماندەى سوپای پاسداران بە قاسم سولەیمانیشەوە کۆبوونەوەیان تێدا کردووە." . ئەو سەرچاوە ئاماژەى بەوەشکردووە، "هەڵمەتی ترساندنی بەرهەم ساڵح لەڕێگەى فڕۆکەى بێفرۆکەوان پەیامی هەڕەشەئامێزی کوشتنیشی تێدابووە." . پێشتر محەمەد نوری عەبدوڕەبە، پەرلەمانتاری عێراق بە "فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هەڕەشەی لە بەرهەم ساڵح کرد ئەگەر هاتوو بەربژێرەکەی هاوپەیمانی بینا ڕانەسپێرێت." . ئەوە لەکاتێکدایە ڕاوێژکارێکی بەرهەم ساڵح، ڕەتیدەکاتەوە گەڕانەوەی سەرۆککۆمار بۆ سلێمانی پەیوەندی بە نامەکەی دوێنێوە بێت بۆ پەرلەمانی عێراق و ئاماژە بەوەشدەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە بەغدا و پرسی دیارکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستپێدەکاتەوە. . هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، هیچ پەیوەندییەکی بەو نامەیەوە نییە کە بۆ پەرلەمانی نارد و ئامادەیی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی دەربڕی، بەڵکو پەیوەندی بە پشووەکانی سەری ساڵەوە هەیە و ئەویش وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی مافی خۆیەتی پشووی سەری ساڵ لەکوێ دەبێت". . وتیشی، لە عێراق یەک ڕۆژ پشووە و شەممە یاخود یەکشەممەی داهاتوو، سەرۆککۆمار دەچێتەوە بەغدا و پرسی دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێدەکاتەوە.