گه‌ڕان

Shadow Shadow

دادگاى باڵاى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و باس لە دادوەرەکانى کوردستانیش دەکات  

2019.12.24 - 12:01
دادگاى باڵاى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و باس لە دادوەرەکانى کوردستانیش دەکات  
ناس کورد- ئەنجومەنى دادگاى باڵاى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو دادوەرانەى بۆ ئەنجومەنى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان دانراوون سەر بە هیچ پارتێکى سیاسى نیین و لە هەڵبژاردنەکانى پێشووشدا بەربژێر نەکراوون. . ئەنجومەنەکە لە روونکردنەوەکەیدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە) بڵاوى کردەوە، نیگەرانى خۆى دەردەبڕێت لەبڵاوکردنەوەى ئەو دەنگۆ "ناڕاستانەى" کە باس لەوە دەکەن ئەو دادوەرانەى لەتیروپشکى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بەربژێرى پارتە سیاسیەکان بن. . وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنى ناڕاستى ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەش کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەو دادوەرە کوردانەشى کە بۆ ئەنجومەنەکە دیاریکراوون بەربژێرى هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان بن، دادگاى باڵاى عێراق روونیدەکاتەوە "ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان هەتا ئێستا هیچ دادوەرێکى بەربژێر نەکردووە و تائێستاش تیروپشکى تایبەت بە دادوەرەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام نەدراوە". . لەبارەى دادوەرە هەڵبژێردراوەکانیش دادگاى باڵاى عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا جەخت لەسەر سەربەخۆیى ئەو دادوەرانە دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات "بەگوێرەى مادەى 98 بڕگەى 2ى دەستور، نابێت دادوەر لایەنگرى هیچ پارتێکى سیاسى بێت یاخود کار لە هەر چالاکییەکى سیاسیدا بکات". . هەروەها لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "تەنانەت ئەگەر یەکێک لەو دادوەرانە لایەنگرى سیاسى هەبووایە ئەوا لەبنەڕەتدا لە دادگا نەدەمایەوە و لە کارەکەى دووردەخرایەوە چونکە کارکردن و لایەنگرى سیاسیانەى دادوەران بەگوێرەى دەستور قەدەغەیە و رێگەپێنەدراوە". .