گه‌ڕان

Shadow Shadow

هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى یەکێتى کۆتایهات.. ئەنجامەکە رادەگەیەنرێت

2019.12.24 - 09:04
هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى یەکێتى کۆتایهات.. ئەنجامەکە رادەگەیەنرێت
ناس کورد- وتەبێژى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند "پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى یەکێتى کۆتایهاتووە و ئەمڕۆ ئەنجامەکەى ئاشکرا دەکرێت". . لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، یاسین رەووف، وتەبێژى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى ئاماژەى بەوە کرد "هیچ کێشەیەک لە پڕۆسەى دەنگدان بە ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى نەبووە و پرۆسه‌كه‌ زۆر به‌ باشی به‌ڕێوه‌چوو". . وتەبێژى کۆنگرەى یەکێتى روونیکردەوە "بڕیارە دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه) ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ رابگه‌یه‌نرێت". . وتیشى، ماوەیەکى کەم بۆ پێشکەشکردنى سکاڵا تەرخان دەکەن و لەدواى ئەوە ئەنجامى دەنگدانەکە، رادەگەیەنن. . لەکاتژمێر نۆى بەیانی دوێنێ (دووشەممە)وە، پڕۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتى دەستیپێکرد و بەرەبەیانى ئەمڕۆ (سێشەممە) کۆتایهات. . پێشتریش یاسین رەووف، وتەبێژى کۆنگرەى یەکێتى رایگەیاند "دواهەمین کارى کۆنگرە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى بوو و لەگەڵ راگەیاندنى ئەنجامەکەى کارەکانى کۆنگرە کۆتایدێت". . ڕەتیشیکردەوە هیچ کەسێک لە خۆبەربژێرکردن بۆ  ئەندامێتى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى ڕەتکرابێتەوە، جگە لەوانەى کە مەرجەکانى خۆبەربژێرکردنیان تێدا نەبووە. .   لەبارەى زویربوونى هەندێک کادیر، وتەبێژى یەکێتى وتى "ئەوە شتێکى سروشتییە، ئەوانەى کە زویربوون بە ڕۆحێکى وەرزشى وەریدەگرن و هەمویان ئاشتدەکرێنەوە، کەس دەرنەکراوە و کەسیش نەکراوەتە دەرەوە". . هەروەها لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى کشانەوەى ئەو بەرپرسانەى کە پۆستى سەربازییان هەیە لە خۆبەربژێرکردنیان بۆ ئەنجومەنى گشتیی سەرکردایەتى، وتەبێژى کۆنگرەى یەکێتى جەختیکردەوە، ئەوانەى کە پۆستى سەربازییان هەبووە لە پۆستە سەربازییەکەیان دەمێننەوە. .