گه‌ڕان

Shadow Shadow

هەر ماڵێک پێوەر نەبەستێت مانگانە 100 هەزار دینار سزا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دوا وادەی بۆ بەستنی پێوەری ئاو ڕاگەیاند

2019.12.19 - 22:37
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دوا وادەی بۆ بەستنی پێوەری ئاو ڕاگەیاند
ناس کورد- بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەر کەس پێوەری ئاو نەبەستێت مانگانە 100 هەزار دینار سزا دەدرێت، ئاماژە بەوەش دەکات "ڕۆژانە هەر تاکێک لە هەرێم 250 تا 300 لیتر ئاوی بۆ دابین دەکرێت". . ئەمڕۆ (پێنجشەممە،19ى کانونى یەکەمى 2019)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا مەسعود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند :" باشترین ڕێگەچارە بۆ بەهەدەرنەدانی ئاو و دەستەبەركردنی بۆ تەواوی هاووڵاتیان بەشێوەیەكی یەكسان، دانانی پێوەر بوو بۆ هەموو بەشداربووانی ئاو، کە بەو شێوەیە توانرا بڕێكی زۆری ئەو ئاوەی بەهەدەر دەدرا، بیگەڕێنینەوە بۆ ئەوانەی كێشەی كەم ئاویان هەبوو". . وتیشی، دوا وادە بۆ بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە، 1ی ئاداری ساڵی داهاتوو دەبێت و دوای ئەو وادەیە هەر هاووڵاتییەك پێوەری ئاوی نەبەستبێ‌، مانگانە بڕی 100 هەزار دیناری لێ‌ وەردەگیرێت. . بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیاندایە، هەر تاكێك لە كوردستان، ڕۆژانە بڕی 250 تا 300 لیتر ئاوی بۆ دابین دەکرێت‌، لەكاتێكدا بەگوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی هەر تاكێك ڕۆژانە پێویستی بە 200 لیتر ئاو هەیە، بۆیە هەر تاكێك لە كوردستان لە پێویستی خۆی زیاتر ئاوی بۆ دابین دەكرێت. . روونیشیکردەوە، پاککردنەوەی هەر دڵۆپە ئاوێك تاوەکو بۆ خواردنەوە بشێت و بگاتە هاووڵاتیان 16 كاتژمێری پێدەچێت، هەر لە وەرگرتنی لە وێستگەكانی ئاو و خاوێنكردنەوەی تا گەیاندنی بە تۆڕەكانی ئاو و گەیشتنی بە هاووڵاتیان. . هاوکات لە بارەی نرخی ئاویش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ باسی لەوەکرد، بوتڵێكی ئاو كە ناگاتە لیترێك، لە بازاڕەكان بە 250 دیناری عێراقییە، بەڵام مەتر سێجایەكی ئاو كە دەكاتە پێنج بەرمیل ئاو و لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی ئاو دەگاتە تۆڕەكان، بە 50 دیناری عێراقی دەگاتە هاووڵاتیان. .