گه‌ڕان

Shadow Shadow

مۆڵەتی چەکهەڵگرتن لە هەرێم هەڵوەشاوەتەوە؟

2019.12.16 - 10:51
مۆڵەتی چەکهەڵگرتن لە هەرێم هەڵوەشاوەتەوە؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە مۆڵەتی چەکهەڵگرتن هەڵوەشابێتەوە و دەڵێت، چەکی مۆڵەتدار بە یاسا ڕێکخراوە و وەرگرتنی مۆڵەتیش زۆر قورسە، "ئەوەی دەبێت چارەسەر بکرێت چەکی بێ مۆڵەتە". . لە بەشێک لە میدیاکان و لە زاری تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایى دەستەی مافی مرۆڤ هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە "بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ مۆڵەتی چەکهەڵگرتن هەڵوەشاوەتەوە و یەک ملیۆن مۆڵەتی چەکهەڵگرتن لە هەرێم هەیە". . سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕەتیکردەوە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبێت و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە و هیچ مۆڵەتێک هەڵنەوەشاوەتەوە". . هاوکات دەربارەی بوونی یەک  ملیۆن مۆڵەتی چەکهەڵگرتن، سامی جەلال سەرسوڕمانى خۆى لەو ژمارەیە دەربڕى و وتى: "نازانم ئەو ژمارەیە لەکوێوە هاتووە، لە ڕاستیدا ژمارەی مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بەڕێژەی %10ی ئەو ژمارەیەیە". . بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕوونیکردەوە، "مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بە هەموو کەسێک نادرێت و پێدانیشی چەندین ڕێکاری ئیداری و یاسایی پێویستە و هێندە ئاسان نییە تا ئەو ژمارە زۆرە مۆڵەتی هەبێت، لەڕاستیدا لە هەرێم کێشەکە چەکی بێ مۆڵەتە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت، نەوەک مۆڵەتدار."