گه‌ڕان

Shadow Shadow

دوو لایەن خۆیان بە فراکسیۆنى گەورە دەزانن

کێشمەکێشمی فراکسیۆنى گەورە دەستیپێکردەوە.. سولەیمانی نایەوێت دەستێوەردان بکات

2019.12.16 - 08:32
کێشمەکێشمی فراکسیۆنى گەورە دەستیپێکردەوە..  سولەیمانی نایەوێت دەستێوەردان بکات
ناس کورد- لەدوای داواکەى سەرۆککۆماری عێراق لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی فراکسیۆنى گەورە تاوەکو ڕابسپێردرێت بۆ بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، بابەتى "فراکسیۆنى گەورە" باڵی کێشاوە بەسەر دۆخی سیاسیی و دانوستانەکان و تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا. . هەر لەدوای داواکەى، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق چەند وەڵامێکی ئامادەکراوی وەرگرت کە کێ خۆی بە فراکسیۆنى گەورە دەزانێت، بۆ نمونە، هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەنراوێکی "ڕوون و ئاشکرادا" و لەزاری یەکێک لە پەرلەمانتار و سەرکردەکانى ئەو بابەتەى یەکلایی کردووەتەوە. . فەیسەڵ عومەیری، پەرلەمانتار و سەرکردە لە فراکسیۆنى سائیرون دەڵێت، "ئێستا فراکسیۆنى گەورە و براوە سائیرونە کە پێشتر بە نوسراوی فەرمی سەرۆککۆماری سەرپشک کردووە و دەستی لە مافی خۆی هەڵگرتووە بۆ گەل چونکە گەل بە فراکسیۆنى گەورە دەزانێت، بۆیە پێویستە سەرۆککۆمار و سەرۆکایەتى پەرلەمانی عێراق ڕێز لەو بڕیارە بگرن." . دەشڵێت، "بەپێی دەستور و لێکدانەوەى دادگای فیدڕاڵی، فراکسیۆنى گەورە لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا دروست دەکرێت ئەگەرنا ئەو فراکسیۆنەى زۆرترین کورسی هەیە دەبێتە فراکسیۆنى گەورە، لە دانیشتنی یەکەمیشدا دوو لایەن خۆیان بە فراکسیۆنى گەورە دەزانی کە "فراکسیۆنى چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە" و "فراکسیۆنى بنیادنان" بوون، دواتریش یەکلایی نەبووە کامیان فراکسیۆنى گەورەن." . بەڵام لەم پێشهاتەشدا کە کێ فراکسیۆنى گەورەیە هەمان ناکۆکی سەرەتا هەیە، پەرلەمانتار عەبدولئەمیر دوبی لە فراکسیۆنى فەتحی هادی عامری دەڵێت کە فراکسیۆنەکەى ئەو "فراکسیۆنى گەورەیە". . عەبدولئەمیر دوبی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "فراکسیۆنى فەتح فراکسیۆنى گەورەیە بەپێی ئەو کورسییانەى لە پەرلەماندا هەیەتی" و دەڵێت، "لەوانەیە چەند فراکسیۆنێکی تریش پەیوەندی بە هاوپەیمانی بنیادنانەوە بکەن." . لەبارەى بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، دوبی دەڵێت کە "تائێستا لایەنە سیاسییەکان هیچ کەسێکیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیارینەکردووە و هاوپەیمانی بنیادنانیش هیچ بەربژێرێکی نییە، بۆیە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەسەر کەسێک، ئەوە سەرۆککۆمار کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات." . لەلایەکی ترەوە، ئەمیر موسەوی، نوسەر و دیبلۆماتکاری پێشوی ئێران دەڵێت، "هەموو سەرکردە سیاسییەکانى عێراق ڕێککەوتوون لەسەر پەیوەندیکردن بە قاسم سولەیمانییەوە بۆ ئەوەى دەستێوەردان بکات و چارەسەرێک بۆ قەیرانی سیاسیی و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بدۆزێتەوە." . موسەوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "قاسم سولەیمانی ڕەتیکردووەتەوە کە دەستێوەردان بکات لە کاروباری عێراقدا."